وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بۆ رووداو: بانگەشەی هەڵبژاردن لەناو کەمپەکاندا قەدەخەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، بانگەشەکردن بۆ هەڵبژاردن لەناو کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان قەدەخەیە و هەر بەربژێرێک پێشێلکاریی ئەو بڕیارە بکات، سزا دەدرێت.
 
سێشەممە 1ی تەممووزی 2025 عەلی جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بانگەشەی هەڵبژاردن لەنێو کەمپی ئاوارەکان قەدەخەیە و نابێت بەربژێر بۆ بانگەشە بچێتە ناو کەمپەکان یان پۆستەر هەڵبواسێت."
 
16 کەمپ لە پارێزگای دهۆک و 5 کەمپ لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان هەن، کە تایبەتن بە ئاوارەی شنگال و ناوچەکانی دیکەی عێراق، زیاتر لە 33 هەزار کەس لەو کەمپانە دەتوانن دەنگ بدەن.
 
عەلی جەهانگیر گوتی، "هەر بەربژێرێک لەناو کەمپەکان بانگەشە بکات، ناوی دەدرێتە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەوەی رێکار لە دژیان بگیرێتەبەر، کە تووندترین سزا، دوورخستنەوەی دەبێت لە بەربژێری."
 
بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەر پارێزگایەک بازنەیەکە و ئاوارەکان دەنگ بۆ بەربژێری بازنەی پارێزگاکانی خۆیان دەدەن.
 
بڕیارە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێبکات و دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت.