موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی: بەهۆی کارەبای 24 کاژێرییەوە 198 موەلیدەیان پێ کوژاندووینەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی دەڵێت، شەوی رابردوو نێو سەنتەری شاری سلێمانی خراوەتە نێو پڕۆژەی رووناکی و کارەبایان کردووەتەوە 24 کاژێری، بەهۆیەوە ناچارکراون دوور لە خواستی خۆیان 198 موەلیدە بکوژێننەوە.
عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتریش بەهۆی پڕۆژەی رووناکییەوە 72 موەلیدەی دیکەمان کوژێندراونەتەوە، کە بە کۆ دەبنە نیوەی موەلیدەکانی سلێمانی".
تائێستا تیمی پڕۆژەی رووناکی، بە 24 کاژێریکردنی سەنتەری سلێمانی (نێو 60 مەتری) بە فەرمی رانەگەیاندووە.
سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی دەڵێت: "پڕۆژەی رووناکی گرێبەستێکی 14 خاڵی بۆ خاوەن موەلیدەکان ئامادەکردووە، کە گوایە شەش مانگ بمێنینەوە لەکاتی بڕانی کارەبادا کارەبا دابینبکەین، ئێمەش رەتیدەکەینەوە".
پڕۆژەی رووناکی بە خاوەن موەلیدەکانی سلێمانی گوتووە، لەو شەش مانگەدا مانگانە 800 بۆ ملیۆنێک و 300 هەزار دیناریان پێدەدرێت.
عوسمان محەممەد دەڵێت: "ئەو پارەیەی باسی دەکەن تەنیا مووچەی کارپێکەری موەلیدەکانە، ئەگەر موەلیدەکەمان شکا و پارەیەکی زۆری ویست، کێ هاوکاریمان دەکات؟".
سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی گوتی: "ئێمە ئامادەنین لە نەبوونی کارەبادا کاربکەین و کەموکوتی پڕۆژەی رووناکی پڕبکەینەوە، لەکاتێکدا ئەوان ئامادە نەبن هاوکاریی ئێمە بکەن، بۆیە بە بەردەوامبوونی ئەو گرێبەستە ئێمە موەلیدەکانمان لادەبەین".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بە خاوەن موەلیدەکانی سلێمانی گوتراوە، بەگوێرەی ئەوەی پڕۆژەکە نوێیە و ئەگەری کارەبا بڕان هەیە، "نابێت موەلیدەکان لاببەن".
عوسمان محەممەد گوتی: "ئێمە یان موەلیدەکان لادەبەین، یانیش دەبێت گرێبەستێکی نوێمان بۆ بکەن کە خاڵەکانی جیاواز بن و لە دوو ساڵیش کەمتر نەبێت".
پڕۆژەی رووناکی، پڕۆژەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری بۆ سەرجەم هاوبەشانی کارەبا بە هەموو جۆرەکانییەوە.