بابەکر زێباری: ئەم ساڵ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە کۆتایی دێت

 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە لە کۆتاییدایە و ئەم ساڵ هەموویان یەکدەخرێن.
 
بابەکر زێباری، راوێژکاری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سوپالاساری پێشووی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە 1ی تەممووز بە تۆڕی میدیایی روووداوی گوت، "سەرقاڵی یەکخستنەوەی هێزەکان و دروستکردنی فیرقەکانین؛ ئێستا لە دروستکردنی دوایین فیرقەداین."
 
بڕیارە سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگە لە 11 فیرقەدا یەکبخرێن.
 
زێباری دەڵێت، "تاوەکو ئەمڕۆ 10 فیرقە پێکهێندراون، ئێستا لە فیرقەی کۆتاییداین و ئەم ساڵ پرۆسەکە تەواو دەبێت؛ هەموو هێزەکانیش یەکدەخرێن."
 
لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، ژمارەیەک هێز هەن، لەوانە هێزەکانی 70 و 80، یەکەمیان سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و ئەوی دیکەش پارتی دیموکراتی کوردستان.
 
رۆژی 5ی شوباتی ئەم ساڵ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە پرۆسەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگەدا، یەکەکانی 70 و 80ش دەخرێنە ژێر چەتری وەزارەتەکەیان.
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گرنگیی زۆر بە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەدەن و لەو چوارچێوەیەدا هاوکاریی دارایی و سەربازییان پێشکێش دەکەن.
 
رۆژی 7ی ئاداری 2023 لۆید ئۆستن، وەزیری پێشووی بەرگریی ئەمریکا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
 
دوای کۆبوونەوەکە، نێچیرڤان بارزانی، کە هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستانە رایگەیاند، "جەختمان لە گرنگی و بەردەوامیی ئەمریکا و وڵاتانی دۆست لە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە کرد. دڵنیامان کردەوە کە سوورین لەسەر رێکخستنەوەی پێشمەرگە و تەگەرەکانی بەردەمیان تێدەپەڕێنین."
 
هەروەها لۆید ئۆستن گوتی، "دەمەوێت پشتیوانیی خۆم بۆ ئەو یاداشتە لێکتێگەیشتنە دەرببڕم کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ساڵی رابردوو لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە واژۆی کرد، ئەو لێکتێگەیشتنانە جەخت لە ئامادەیی ئێمە دەکاتەوە بۆ بەردەوام بوون لە دابینکردنی یارمەتی ئەمنی بۆ هێزەکانتان، لە کاتێکدا کە پێکەوە کار لەسەر چاکسازی دامەزراوەیی دەکەین؛ داعش هێشتاش هەڕەشەیە بۆ سەر ژیان و بژێوی هاووڵاتییانی عێراق بۆیە پێکەوە کارکردنمان گرنگە."
 
لە ساڵی 2010وە تاوەکو ساڵی 2013 نزیکەی 42 هەزار پێشمەرگەی یەکەکانی 70 و 80 یەکخران و 14 لیوای هاوبەش دروستکراون، بەڵام دواتر گرژیی نێوان لایەنەکان، شەڕی داعش، رووداوەکانی ئۆکتۆبەری 2017 پرۆسەکەیان پەکخست.
 
لە ساڵی 2018 جارێکی دیکە بە هاوئاهەنگیی هاوپەیمانان، پڕۆژەیەکی 35 خاڵی بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە راگەیێندرا.