هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: لە هەوڵەکانمان بۆ ئاشتی بەردەوام دەبین
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت: ''لە هەوڵەکانمان بۆ ئاشتی بەردەوام دەبین''؛ ئاماژە بەوەش دەکات، شاندی پارتەکەی لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، رۆژی سێشەممە، 1ی تەممووزی 2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا رایگەیاند، دەبێت هەموو پارتە سیاسییەکانی تورکیا کار بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری بکەن، گوتیشی: ''بەرپرسیارێتی لە ئەستۆمانە بۆ ئەوەی ئایندەی سەت ساڵە بنیاد بنێین''.
باکرهان جەختی لەوە کردەوە، هەر لایەنێک هەوڵی تێکدادانی پرۆسەی چارەسەری بدات، شکست دەهێنێت؛ باسی لەوەش کرد: ''ئاشتی رێچکەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە. ئێمەش بە گوێرەی ئەو رێچکەیە، بەشێوەیەکی پێگەیشتووانە، پشوودرێژانە و پێداگرانە لە هەوڵەکانمان بۆ ئاشتی بەردەوام دەبین''.
هاوسەرۆکی دەم پارتی لەبارەی رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە پرۆسەکە گوتی: ''بە یەک بانگەواز، ویستی خۆی نیشاندا تاوەکو کۆتایی بە شەڕوپێکدادان بهێنێت، پاڵپشتیی ملیۆنەها کەسی بەدەستهێنا و رێی بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەی ئاشتی خۆش کرد''.
باکرهان رایگەیاند، لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبنەوە؛ ئەوەشی خستەڕوو: ''بە گرنگییەوە لەو کۆبوونەیەوە دەڕوانین، هیوادارین ئەو کۆبوونەوەیە نەخشەڕێگەیەکی لێ بەرهەم بێت و تێیدا یاسا، ئاشتیی نێوخۆ و دیموکراسی بۆ هەمووان لەخۆی بگرێت''.
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.