167 چەکی قەرەبووی ئاوارەکانی کەرکووک دابەش دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

دەست بە دابەشکردنی 167 چەکی قەرەبووی ئاوارەکانی کەرکووک دەکرێت کە زۆرینەیان ئاوارەی کوردن، ئەوە یەکەمجارە لەم ساڵدا چەکی قەرەبووی ئەو ئاوارانە دابەش بکرێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 1ی تەممووز، لە نووسینگەی کەرکووکی ماددەی 140 دەست بە دابەشکردنی ئەو چەکانە دەکرێت، کە ژمارەیان 167 چەکە.
 
کاکەڕەش سدیق، ئەندامی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی 140 بە رووداوی راگەیاند: "ئەوە یەکەمجارە لەم ساڵدا چەکی قەرەبووی ئاوارەکان لە کەرکووک دابەش بکرێت و زۆرینەی ئەوانەشی چەکەکە وەردەگرن، کوردن."
 
بەگوێرەی رێکارەکانی لیژنەی باڵای ماددەی 140، هەر ئاوارەیەک 10 ملیۆن دیناری دەدرێتێ. هەر عەرەبێکی هاوردە 20 ملیۆن دیناری پێدەدرێت بەو مەرجەی بگەڕێتەوە زێدی خۆی، کە پێشتر لە چوارچێوەی هەڵمەتی بە عەرەبکردنی دەسەڵاتی پێشووی عێراق هێنرابوونە کەرکووک.
 
کاکەڕەش سدیق رایگەیاند، ئەو کەسەی چەکەکە وەردەگرێت، دەبێت لە بانکە فەرمییەکانی بەغدا پارەکەی وەربگرێت. گوتیشی، پێشتر شەش مانگ لەبەردەم خاوەن چەکەکە بوو بۆ وەرگرتنی، ئێستا ماوەکەی کراوەتە سێ مانگ.
 
لە یاسای بودجەی گشتیی سێ ساڵەی عێراق، بۆ هەر ساڵێک 100 ملیار دینار وەک بودجەی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی 140 دانراوە.