عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك: چاکسازی لەناو گۆڕاندا نەکرێ، بانگەشەی بایکۆت دەکەم
رووداو - سلێمانی
عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك، كە ماوەیەكە وازی لە ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان هێناوە، رایگەیاند "لە بانگەشەی هەڵبژاردندا رەنگە بانگەشە ئەوە بكەم خەڵك نەچێت بۆ دەنگدان".
عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك، كە چەند رۆژێكە وازی لە پۆستی باژێرەوانی چەمچەماڵی گۆڕان و ئەندامی جڤاتی نیشتمانی هێناوە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، هەرچەندە تاوەكو ئێستا وازهێنانی لەو بەرپرسیارێتییانە لەلای بزووتنەوەی گۆڕان قبوڵنەكراوە، بەڵام لەسەر بڕیارەکەی سوورە. دەشڵێت "ئەگەر ئەو چاكسازییانەی داوامان كردوون لەناو گۆڕاندا نەكرێت، رەنگە لە بانگەشەی هەڵبژاردن نەك بانگەشە بۆ گۆڕان نەكەم، بەڵكو بانگەشەی ئەوەش بكەم خەڵكی هەر نەچێت بۆ دەنگدان".
عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك جەخت لەوە دەكاتەوە "لەناو گۆڕاندا كێشەی زۆر گەورە هەن". دەشڵێت "دانانی عەلی حەمە ساڵح لە شوێنی عەبدوڵڵا مەلا نووری بە سەرۆك لیستی گۆڕان، لەناو گۆڕاندا هەڵایەكی گەورەی دروستكردووە، ئەوەش لەبەر خراپی عەلی حەمە ساڵح نییە، بەڵكو پەیوەندی بەوە هەیە پێشتر گۆڕان وەك سەرۆك لیست عەبدوڵڵای مەلا نووری ناساندووە، جەماوەری گۆڕان لەوە نیگەرانە چۆن لەناكاو عەبدوڵڵا گۆڕدرا بە عەلی".
ماوەیەكە چەند هەڵسوڕاوێكی دیاری گۆڕان وازیان لە پۆستەكانیان هێناوە. بەشێكیشیان هۆكارەكەی بۆ كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕان دەگەڕێننەوە. عەبدوڵڵا كوێخا موبارەك، یەكێكە لەو هەڵسوڕاوانە.