نزیکەی 40%ـی ئەو نەخۆشانەی دەچنە نەخۆشخانەکان ئاوارە و پەنابەرانن

رووداو - هەولێر

لە یەکێک لە نەخۆشخانە حکومییەکانی هەولێر ریام محەممەد و دایک و براکەی، کە ئاوارەی روومادین، چارەسەری پزیشکی وەردەگرن. ئەوان سێ ساڵە وەک ئاوارە بە پارەیەکی کەم سوود لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان وەردەگرن.

دایکی ریام دەڵێت "کچەکەم نەخۆشی میزەڕۆی هەیە، چووین بۆ لای پزیشک و بەشی نەخۆشییە دەروونییەکان و تاقیگە بۆ چارەسەر. ماوەی سێ ساڵە لێرە ئاوارەین، کاروباری نەخۆشخانە حکومییەکان زۆر ئاسایین و جیاوازی لەنێوان کورد و عەرەب ناکەن".

ئاوارە و پەنابەران لەسەر بەشە دەرمانی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکرێن، چونکە حکومەتی عێراقی هیچ رێژەیەک لە دەرمانی ئاوارە و پەنابەران بۆ کوردستان نانێرێت. ئێستا ئەو نەخۆشانەی لە نەخۆشخانەکانی کوردستان چارەسەری وەردەگرن لە 30 بۆ لە 40%ـیان ئاوارە و پەنابەرن.

هێشتا ملیۆنێک و 36 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان ماون. بەگوێرەی ستانداری جیهانی دابینکردنی خزمەتگوزاری رۆژانەی هەر یەکێکیان سێ دۆلار و 70 سەنتە.

بەگوێرەی خەمڵاندنی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگی قەیرانەکان، خەرجی رۆژانەی ئاوارە و پەنابەران سێ ملیۆن و 900 هەزار دۆلارە، کە ساڵانە دەکاتە ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلار.

رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە 25ـ%ـی ئەو خەرجییە دابیندەکەن، ئەوەی دیکە کەوتووەتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چونکە دوو ساڵە حکومەتی عێراق هیچ بودجەیەکی ئیدارەدانی کەمپەکانی نەناردووە.

هۆشەنگ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگی قەیرانەکان دەڵێت، لە ساڵانی 2014 تاوەکو 2017 حکومەتی عێراق هەندێک پارەی نارد بۆ دروستکردنی کەمپەکان و خزمەتگوزاری، بەڵام دوو ساڵە هیچ بودجەیەکی نەناردووە، لەکاتێکدا رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەیە کە بۆ شەش مانگ بڕی یەک ملیار دینار بنێرن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەنێردراوە.
 
سەرەڕای نەناردنی خەرجی خزمەتگوزارییەکان، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دانبەوەدادەنێت کەمپەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی عێراق باشترینن.

عەلی جیهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت "ئەوەی لە هەرێمی کوردستان پێشکەشدەکرێت (لە کەمپەکانی هەولێر و دهۆک) جێگەی رێزە و زۆر باشە. هەوڵ هەیە لە سەرجەم پارێزگاکان نەهامەتی کەمپەکان نەهێڵین، بێگومان ئاماژەش هەیە بۆ لاوازی خزمەتگوزاری بەتایبەتی لە کامپەکانی باشووری موسڵ".

دوای نزیکەی سێ ساڵ لە راگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر داعش، تاوەکو ئێستا لە سەرتاسەری عێراق لە 60%ـی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.