پۆلیسی کەرکووک: زانیاری لەبارەی بوونی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو راست نییە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژى پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، ئەو بەڵگەنامەیەى بڵاوکراوەتەوە گوایە هۆشدارییە لەبارەى ئۆتۆمبێلێکى بۆمبڕێژکراوى تابلۆى سلێمانى "راست نییە."
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەڵگەنامەیەک بەناوى شانەى هەواڵگریی هاوبەشی فەرماندەى ئۆپەراسیۆنەکانى پارێزگاى دیالە بڵاوکراوەتەوە وەک هۆشدارى لەوەى ئۆتۆمبێلێکى بۆمبڕێژکراو کە هەڵگری تابلۆى سلێمانییە، لە پارێزێگاى کەرکووکەوە چووەتە پارێزگا دیالە و ژنێک و دوو پیاوى تێدایە.
1ى ئابى 2023 عامر شوانى، گوتەبێژى پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو بەڵگەنامەیە راست نییە و ساختەیە."
گوتەبێژى پۆلیسی کەرکووک گوتیشی، "رێکخراوى داعش تواناى ئەوەى نەماوە بەو شێوەیە ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژکراو ئامادە بکات و لەنێوان پارێزگاکاندا هاتووچۆی پێبکات، تەنیا بە گرووپى پەرتەوازە هێرشى خافڵگیرانە دەکەن."