رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە سنووری دەربەندیخان بووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار ئەندامی خێزانێک

رووداو دیجیتاڵ

رووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە شاخی بەرانان لە دەربەندیخان روویدا. بارهەڵگرێک بەسەر ئۆتۆمبێلکدا کەوت و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و یەکێکیش بە سەختی بریندارە؛ قایمقامی قەزاکە دەڵێت، هەموو قوربانییەکان ئەندامی یەک خێزانن.
 
رۆژی سێشەممە 1ـی ئابی 2023، سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رووداوەکە لە دووڕیانی بیلکێ – قاشتی بووە کە لە سلێمانییەوە بچیتە دەربەندیخان بۆ شاخی بەرانان سەردەکەوێت. لەئەنجامی رووداوەکەدا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بە سەختی بریندارە."

 

 
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، ژنێک، پیاوێک و دوو منداڵی کوڕن؛ ژنێکیش بە سەختی بریندارە و هەموویان ئەندامی یەک خێزانن و خەڵکی زەڕایەنن (وارماوا) لە شارەزوور و دانیشتووی ئەوێش بوون.
 
تەرمی مردووەکان دەرهێندراوە و بریندارەکەش رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
 
بەپێی دوایین زانیارییەکانی پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو، ئەوانەی بوونەتە قوربانی پێکدێن لە: دایکێک و کوڕ و کچێکی و دوو کچەزای، کە تەنیا کچەکەی بە زیندوویی ماوەتەوە و ئەویش بە سەختی بریندارە.
 
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە قایمقامی دەربەندیخان گوتی، بارهەڵگرەکە شۆفێرەکەی عەرەبە و ئیستۆپی نەماوە لە ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەی داوە.