لە هەولێر ئاگر لە شوقەیەکی پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون کەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە شووقەیەکی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی ئیمپایەر رۆیاڵی هەولێر کەوتەوە، پەیامنێری رووداو دەڵێت، ''لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵکرا و تەنیا زیانی مادی لێکەوتەوە.''
نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 01-08-2025، لە نهۆمی 11ـی یەکێک لە باڵەخانەکانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی ئیمپایەر رۆیاڵی هەولێر ئاگر لە شووقەیەک کەوتەوە. بەختیار قادر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەیان داوە.
لەکاتی رووداوەکەدا چەند کەسێک لە ماڵەکەدا بوون، بەڵام وەک پەیامنێری رووداو گوتی: ''لەگەڵ ئاگرکەوتنەوەکە دەستبەجێ بە دەرگەی پشتەوەدا هاتوونەتە دەرەوە.''
ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە بە تەواوی کۆنترۆڵکراوە و بەگوتەی پەیامنێری رووداو، رێگرییان لە تەشەنەسەندنی کردووە.
هاوکات دوو کارمەندی بەرگریی شارستانی کە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگر چوونەتە نێو شووقەکەوە، بەهۆی دووکەڵ و گەرما تووشی هەناسەتەنگی و بوورانەوە بوون، بەڵام ئێستا تەندروستییان جێگیرە.
تائێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نازانرێت، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە و رووداوەکە تەنیا زیانی مادی لێکەوتووەتەوە.
6ـی تەممووز، موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەم ساڵ 650 ئاگرکەوتنەوە روویانداوە کە بەراورد بە ساڵانی رابردوو 50٪ کەمیکردووە.