دەرکردنی 223 کرێکار لە وانی باکووری کوردستان کاردانەوەی لێ دەکەوێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەرکردنی 223 کرێکار لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان لەلایەن قەییومەوە کاردانەوەی تووندی لێ دەکەوێتەوە. خۆپێشاندان دووەم رۆژە بەردەوامە و خۆپێشاندەران دەڵێن، بڕیارەکە نایاسایی و سیاسییە.
ئەمڕۆ هەینی 1ی ئابی 2025 ناڕەزایەتییەکان لە پارکی فەقێی تەیران لە پارێزگای وان بەڕێوەچوون.
عەبدوڵڵا زەیدان، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی وان لەگەڵ چوار پەرلەمانتاری دەم پارتی، ژمارەیەک بەرپرسی جەهەپە و ئەندام و لایەنگرانی دەم پارتی و دەبەپە و ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان لەو خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەدا بەشدار بوون.
مەحموود دیندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان، گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، دەرکردنی کرێکارەکان بە هۆکاری سیاسی بووە، "ئەم گەلە 50 ساڵە بەرخودان دەکات و 50 ساڵی دیکەش لەسەر بەرخودان بەردەوام دەبێت."
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی گوتیشی، "دەرکردنی خەڵک و هێنانی کەسی دیکە لە دەرەوە، ناپاکییە لەم شارە. ئێمە لە بەرامبەر ئەو جۆرە کارانەدا بێدەنگ نابین کە ئارەق و ماندووبوونی رەنجدەران بەهەدەر دەدەن. خەباتی ئێمە تاوەکو گەڕانەوەی کرێکاران بۆ سەر کارەکانیان بەردەوام دەبێت."
بێریڤان تیبەلیک بەناوی کرێکارە دەرکراوەکانەوە قسەی کرد و گوتی، "دژی ئەم کارە نایاساییە، درێژە بە خەباتی یاسایی و کۆمەڵایەتیی خۆمان دەدەین. سیستمی قەییوم تەنیا کرێکاران ناکاتە ئامانج، بەڵکو داهاتووی خەڵکی وانیش دەکاتە ئامانج. ئێمە وەک گەل، خاوەندارێتی لە ویست، نان و شکۆی خۆمان دەکەین. قەییومەکان دەڕۆن و رەنجدەران سەردەکەون."
لە خۆپێشاندانەکاندا دروشمەکانی "کارەکەمان دەوێت" و "قەییوم دەڕوات و ئێمە دەمێنینەوە" دەگوترایەوە. خۆپێشاندەران رایانگەیاند، چالاکییەکانیان تاوەکو گەڕانەوەی کرێکاران بۆسەر کارەکانیان بەردەوام دەبن.
رۆژی 30ـی تەممووز، بەبڕیاری ئۆزان باڵجی، سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان کە بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بە قەییوم لە شوێنی عەبدوڵڵا زەیدان دانراوە، 223 کرێکاری شارەوانیی دەرکران. پاساوی دەرکردنەکە ئەوەیە کە گوایە هەموو ئەو کرێکارانە پێش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەی (پاکانەی کرێکاران لە تاوان) دامەزراون.
لە نیوەی یەکەمی مانگی تەممووزیش لە ئێلیهی باکووری کوردستان 61 کرێکار، لە مێردین زیاتر لە 300 کرێکار و لە دێرسم لانیکەم 15 کرێکار بە هەمان شێوە دوورخرانەوە.