وەزیری کارەبای عێراق لە تارانە؛ 'بۆ زیادکردنی بڕی گازی هاوردەکراوی ئێرانە'
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کارەبای عێراق بە سەردانێک لە تارانە. راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی بۆ کاروباری کارەبا دەڵێت، ئامانج لە سەردانەکە رازیکردنی ئێرانە بۆ ئەوەی گازی پێویست بۆ عێراق هەناردە بکات.
رۆژی هەینی، زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق و شاندێکی یاوەری گەیشتنە تاران. بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی کارەبای عێراق، "وەزیری کارەبا لەگەڵ بەرپرسانی ئێران پرسی هەناردەکردنی گاز بۆ عێراق تاوتوێ دەکات."
عادل کەریم، راوێژکاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کارەبا، رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەردانی وەزیری کارەبا بۆ ئەوەیە قسە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران بکات بۆ ئەوەی بە گوێرەی توانایان پابەندبن بە ناردنی ئەو بڕە گازەی کە رێککەوتنی لەسەر کراوە."
پێشتر عێراق و ئێران گرێبەستێکیان واژۆ کردبوو کە بەپێی ئەو گرێبەستە، ئێران رۆژانە نزیکەی 55 ملیۆن مەتر سێجا گازی سرووشتی بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق دابین دەکات.
بەڵام ئەحمەد مووسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە رووداوی گوت: "لە مانگی ئایاری ئەم ساڵەوە هەناردەکردنی ئەو بڕە گازە لەلایەن ئێرانەوە کەم بووەتەوە، ئەوەش بووەتەهۆی لەکارکەوتنی ژمارەیەک وێستگە و کەمبوونەوەی کاژێرەکانی پێدانی کارەبا لەبەشێکی زۆری پارێزگاکاندا."
بە گوتەی عادل کەریم، "ئێستا ئێران رۆژانە نزیکەی 30 ملیۆن مەتر سێجا گاز هەناردەی عێراق دەکات."
لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا، راوێژکارەکەی سوودانی گوتی: "ئێستا توانای بەرهەمهێنانی کارەبا 26 بۆ 27 هەزار مێگاواتە و نزیکەی 25 هەزار مێگاوات کورتهێنانمانمان هەیە، چونکە خواستێکی زۆر لەسەر کارەبا هەیە."
8ـی ئاداری ئەم ساڵ مۆڵەتی ئەمریکا بۆ هاوردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق کۆتاییهات.
لە ساڵی 2018ـەوە ئەمریکا دەیان جار لێخۆشبوونی لە سزاکان بۆ عێراق نوێکردووەتەوە تاوەکو بتوانێت وزەی ئێران بکڕێت.
بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران، حکومەتی عێراق ناتوانێت پارەی کاش بە تاران بدات، بەڵکو بە رەزامەندیی واشنتن دەیخاتە هەژمارێکی بانکی و تەنیا بۆ مەبەستی مرۆیی، رێگە بە ئێران دەدرێت بەکاریبێنێت، لەوانەش بۆ کڕینی پێداویستییە پزیشکییەکان.