کانێکی خەڵووز لە خارپێتی باکووری کوردستان داڕما و کرێکارێک گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
کانێکی خەڵووز لە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان داڕما و لە ئەنجامدا کرێکارێک گیانی لەدەستدا.
کاژێر 10:54 خولەکی ئەمڕۆ هەینی 1ی ئابی 2025، کانێکی خەڵووز لەنزیک گوندی کایائۆنو سەر بە قەزای خولەمانی پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان داڕما، لە ئەنجامدا چوار کرێکار لە ژێر داروپەردووی کانەکە گیریان خوارد؛ سێ کرێکاریش خۆیان رزگار کرد.
تیمی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاری تورکیا - ئافاد بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوت و دەستیکرد بە گەڕان بەدوای ئەو کرێکارەی رزگاری نەببوو، دوای نزیکەی 6 کاژێر گەیشتنە لای، بەڵام کرێکارەکە گیانی لەدەستدابوو.
پێش دۆزینەوەی تەرمی کرێکارەکە، نوعمان هاتیپئۆغڵو، پارێزگاری خارپێت لە شوێنی رووداوەکە رایگەیاند، "کرێکارێک کەوتووەتە ژێر داروپەردووی کانەکەوە. گەڕان بۆ گەیشتن بەو کرێکارەی لەژێر داروپەردووی رووخاوی کانەکەدا گیریخواردووە، بە چڕی بەردەوامە."
تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکان ناسنامەی ئەو کرێکارەیان بڵاونەکردووەتەوە کە گیانی لەدەستداوە.
لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی کۆماریی خارپێت، بەرپرس و بەڕێوەبەری کانەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.
پۆلیسی خارپێتیش دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری داڕمانی کانە خەڵووزەکە.