فەرمانگەی ئاوی مەریوان ئاوی بەنداوی گاڕان ناداتە جووتیاران

 
رووداو دیجیتاڵ

فەرمانگەی ئاوی مەریوان ئاوی بەنداو ناداتە جووتیارانی ژمارەیەک گوندی ئەو شارە بۆ ئاودانی زەوییەکانیان.
 
جووتیارانی گوندەکانی دەشتی خێڵی کۆنەپۆشی دەڵێن، گرێبەستیان لەگەڵ فەرمانگەی ئاو هەیە بۆئەوەی بە پارە ئەم ساڵ ئاویان پێبدرێت، بەڵام فەرمانگەی ئاو گرێبەستەکە جێبەجێ ناکات و زیاتر لە 10 رۆژە ئاوی پێنەداون، بەو هۆیەوە بەشێک لە بەرهەمەکانیان وشک بوون. 
 
حەسەن زارع، جووتیارێکی ئەو ناوچەیەیە و زەوی بە کرێ گرتووە تاوەکو بژێوی ژیانی ئەم ساڵی پێ دابین بکات، بەڵام بێ ئاوی بووەتە هۆی ئەوەی ئەو پیازەی چاندبووی وشک بێت.
 
حەسەن زارع بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "10 بۆ 12 رۆژە ئاویان پێمان نەداوە و هیچکەس نەهاتووە کێشەکە چارەسەر بکات. زەویمان بە کرێ گرتووە. بۆ چاندنی تووتن و پیاز 80 و 100 و 120 ملیۆن تمەن زەویمان بە کرێ گرتووە و ئاومان پێنادەن."
 
جووتیارانی گوندەکانی رەشەدێ، سەڵەسی کۆن و نوێ، پێلە و چاوگ لە ناوچەی دەشتی خێڵی کۆنەپۆشی لە باکووری مەریوان پێشتر بە ئاوی چاڵاو یان بە شێوەی دێم کشتوکاڵیان دەکرد، بەڵام فەرمانگەی ئاوی مەریوان گرێبەستی لەگەڵ کردوون، لە ئاوی بەنداوی گاڕان ئاویان پێبدات. جووتیاران بەو هۆیەوە بەرهەمێکیان چاندووە ئاوی پێویستە و ئێستا ئاویان پێنادرێت.
 
محەممەد دارنجە، جووتیار بە رووداوی گوت، "ئەگەر یەک هەفتە ئاو نەبێ، خەیار و تەماتە و پیاز وشک دەبن. دەبێ کۆمپانیای ئاو ئەو گرێبەستە جێبەجێ بکات کە هەمانە. ئێمە لە بەرامبەر ئاو پارەیان پێدەدەین و بەپێی گرێبەست، دەبێ ئەوان قەرەبووی زیانەکەمان بۆ بکەنەوە."
 
ئەم ساڵ بەهۆی کەمیی بارینەوە ئاوی سەر زەوی و ئاوی نێو بەنداوەکان کەمبووەتەوە و بڕانی بەردەوامی کارەباش بووەتە هۆی ئەوەی جووتیاران نەتوانن وەک پێویست سوود لە بیرەکانیان وەربگرن. جووتیاران دەڵێن، زیانی زۆریان پێگەیشتووە و قەرەبووش ناکرێنەوە.
 
مەحموود بادگیو، جووتیار لە مەریوان بە رووداوی راگەیاند، "150 ملیۆن تمەنم لە وێنجە و پیاز و تەماتە خەرجکردووە. بە هەفتەیەک یان 10 شەو جارێک ئاومان پێدەدەن. ئێمە لەسەر هێڵی ئێس 5ین. شەوێ دوو کاژێر ئاومان پێدەدەن. ئەوەندە ئاوە وەکو تاوەبارانە و بەشی ناکات. وێنجە و تەماتەمان خەریکە وشک دەبێ و پیازی ناوچەکە بە تەواوی لەنێوچووە."
 
جووتیارانی مەریوان تاوەکو ئێستا چەندجار لە قایمقامیەتی شارەکە دژی پێنەدانی ئاو کۆبوونەتەوە و هەموو جارێک بەڵێنیان پێدراوە کێشەکە چارەسەر بکرێت.
 
جووتیاران دەڵێن، بەشێکی بەرهەمەکەیان لەنێوچووە و ئەگەر ئەوی دیکەش لەنێو بچێت، سەرچاوەی سەرەکیی بژێوی ژیانیان نامێنێت.