فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان: داواکارین دۆسیەی ئەمنیی شنگال رادەستی پێشمەرگە بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان دەڵێت، بەهۆی جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی شنگال و بوونی هێزی جیاواز، ئاوارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە شنگال. داواش دەکات، ئەگەر دۆسیەی ئەمنیی ناوچەکەش رادەستی پێشمەرگە ناکرێت، لانیکەم ئەو پێشمەرگانەی کوردی ئێزدین، ئەرکیان بگوازرێتەوە بۆ شنگال.
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی، "چەند رۆژێکی دیکە 11 ساڵ بەسەر کارەساتی شنگال و جینۆسایدی کوردانی ئێزدیدا تێدەپەڕێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئاوارەکانی شنگال ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. چوار سەرۆکوەزیران لەو ساڵانەدا لە عێراق گۆڕدران، بەڵام نەیانتوانی قایمقامێک بۆ شنگال دابنێن."
فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان گوتیشی، "پیلانگێڕیی زۆر دژی شنگال هەیە و لە عێراق لایەنی سیاسی هەیە پیلانگێڕی دژی شنگال دەکات؛ هەربۆیە تاوەکو ئێستا رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکراوە و قەیران و گرفتەکانی قەزاکە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە. پێویستە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان گوشار بکەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال."
بە گوتەی حەیدەر شەشۆ، پەکەکە و هێزە چەکدارەکانی دیکە لە شنگال رۆڵیان لە پەکخستنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە هەیە، "لە کاتێکدا پەکەکە لە عێراق وەکو رێکخراوێکی قەدەخەکراو ناسێندراوە و ئێستا خۆی هەڵوەشاندووەتەوە، چەکدارەکانیان لە شنگال بەردەوامن و حکومەتی عێراقیش هاریکارییان دەکات."
"پێویستە حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتیی خۆی بەرامبەر شنگال جێبەجێ بکات. حکومەتی عێراق بەرپرسە لە مانەوەی پەکەکە لە شنگال و نەک گوشاریان لێناکات ناوچەکە جێبهێڵن، بەڵکو هاریکاری و پاڵپشتییان دەکات، لە کاتێکدا ئەو رێکخراوە بە فەرمی خۆی هەڵوەشاندووەتەوە و بڕیاری داوە چەک دابنێت، کەواتە پێویستە چەکدارانی پەکەکە لە شنگالیش چەک دابنێن،" فەرماندی هێزی پاراستنی ئێزیدخان وای گوت.
"پێشمەرگە ئێزدییەکان"
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا حەیدەر شەشۆ باسی لە گرنگیی رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی شنگال بە هێزی پێشمەرگە کرد و گوتی، "تاوەکو دۆسیەی ئەمنی شنگال رادەستی پێشمەرگە نەکرێت، فرەهێزی و گرفتە ئەمنییەکان بەردەوام دەبن و ئاوارەکان متمانە ناکەن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و ژیان لە شنگال ئاسایی نابێتەوە."
فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان گوتیشی، "هیچ گەرەنتییەک نییە ئەوەی لە سوەیدا لە سووریا روویدا و حکومەت خۆی هێرشی کردە سەر کەمینە دروزەکان، لە شنگالیش دووبارە نەبێتەوە، هەربۆیە خوازیارین ئەگەر دۆسیەی ئەمنی شنگالیش رادەستی پێشمەرگە نەکرێت، لانیکەم ئەو پێشمەرگانەی ئیزدیین ئەرکیان بگوازرێتەوە بۆ شنگال. گواستنەوەی پێشمەرگە ئێزدییەکان دڵنیاییەکی دەروونی گرنگ بە کوردانی ئێزدی دەدات کە ئێستا بەشی زۆریان ئاوارە بوون و لە کەمپەکان ژیان دەگوزەرێنن."
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا فەرماندی هێزی پاراستنی ئێزیدخان باسی لە توانای هێزەکەیان بۆ پاراستنی شنگال کرد و گوتی، "ئێمە دەتوانین ئارامی و ئاسایشی شنگال بپارێزین، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە دۆسیەی شنگال لە عێراق کراوەتە دۆسیەیەکی سیاسی و هەندێک لایەنی سیاسی لە بەغدا وەک بۆندێکی بازرگانی مامەڵە لەگەڵ شنگال و رێککەوتنی شنگال دەکەن."
حەیدەر شەشۆ هیوای خواست عێراق داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی شنگال جێبەجێ بکات، "چ لە کۆتاییهێنان بە فرەهێزی و دۆخی نائارامی شنگال، چ لە فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە و زەمینەسازی بۆ گەڕانەوەی ئێزدییەکان و ئاساییبوونەوەی ژیان لە شنگال و کۆتاییهێنان بە بۆشایی کارگێڕی."
3ی ئابی 2014 داعش هێرشی کردە سەر شنگال و هاونیشتمانییانی کوردی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و منداڵ و ژنەکانی رفاندن.
سەرەتای ئەم هەفتەیە حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش کە نووسینگەکە سەر بە نووسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی: "تاوەکو ئێستا 3590 کوردی رفێندراوی ئێزدی لە دەستی داعش رزگارکراون لەکۆی 6417 کەس لە پیاو و ژن و منداڵ کە لەلایەن داعشەوە رفێندرابوون."