سەرۆکایەتیی کۆمار: 8 مانگ کاری نهێنی و ورد کراوە بۆ دەستگیرکردنی عەجاج تکریتی
رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ دەستگیرکردنی عەجاج تكریتی، جەللادەکەی نوگرە سەلمان لە سەردەمی شاڵاوەکانی ئەنفال دژی خەڵکی باشووری کوردستان، راگەیێندرا. راوێژکارێکی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێت، بۆ دەستگیرکردنی عەجاج 8 مانگ بەدواداچوونی "ورد و نهێنی" کراوە و تەندروستیشی زۆرباشە.
پەری نووری، راوێژکار لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق و ئاگادار لە دۆسیەکە، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە 8 مانگە هاوکار و هاوئاهەنگ بووین لەگەڵ ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێکی باش، ئەوە بوو گەیشتینە ئەم ئەنجامە باشە کە عەجاج دەستگیر کرا".
عەجاج، ناوی تەواوی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتییە، خەڵکی شاری تکریتی ناوەندی پارێزگای سەلاحەدینە و لە عەشیرەتی ئەلبوناسر و هۆزی نزارە، واتە عەشیرەتەکەی سەدام حوسێن.
دوێنێ دەستگیرکردنی عەجاج راگەیێندرا، بەڵام راوێژکارەکەی سەرۆکایەتیی کۆمار دەڵێت، "چەند رۆژێک لەمەوبەر دەستگیرکراوە، ئێمە وەکو نووسینگەی خانمی یەکەمی عێراق ویستمان تاوەکو دانپێدانانی تەواو، ئاشکراکردنی بەڵگە و وێنەش نەنێرن بڵاوی نەکەینەوە، بەڵام کەسێک لە سەماوەوە وەکو موژدە هەواڵەکەی بە رێکخراوەکانی مەدەنی ناوچەکەی دابوو و بڵاوبووەوە، ئێمەش دواتر بڵاومان کردەوە".
لەبارەی تەندروستیی عەجاجەوە پەری نووری گوتی، "تەندروستی زۆر زۆر باشە".
پەری نووری باسی لە هەوڵی کورد و سەرۆکایەتیی کۆمار لە دەستگیرکردنی عەجاج تکریتیدا کرد و گوتی، "لە سەرۆکایەتیی کۆمار و نووسینگەی خانمی یەکەمی عێراق 8 مانگ لەسەر هێڵ بووین بۆ ئەوەی بزانین ئەوان [ئاسایشی نیشتمانیی عێراق] گەیشتوون بە چی و ئێمە چۆن دەتوانین هاوکارییان بکەین، هەموو بەدواداچوونەکان بە چاودێری خانمی یەکەمی عێراق بووە".
بە گوتەی ئەو راوێژکارەی سەرۆکایەتیی کۆمار، ئەوان سکاڵاکارەکانیان لە رێوشوێنی ئەمنیی پارێزراودا گەیاندووەتە سەماوە و لەوێ سکاڵایان دژی تۆمەتبارەکە تۆمار کردووە. گوتیشی، "دادوەران و داواکاری گشتیی لە سەماوە زۆر دادپەروەرانە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکرد".
پەری نووری ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەوەی عەجاج تکریتی دەستگیرکردووە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی نیشتمانی سەماوە بووە بە هاوکاری دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق.
ئەو راوێژکارەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق هۆکاری دواکەوتنی کاتی دەستگیرکردنەکە کە 8 مانگی خایاندووە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، "کە کارەکە زۆر بە وردی و نهێنی کراوە بۆ ئەوەی تکریتی خۆی نەشارێتەوە".
راوێژکارەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، ئاماژەی بە شوێنی مانەوەی عەجاج تکریتی نەکرد و گوتی، نایانەوێت شوێنەکە ئاشکرا بێت، چونکە "لێکۆڵینەوەی زۆر ماون و کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر رێڕەوی لێکۆڵینەوە یاساییەکان".
ساڵی 1988، لە هەڵمەتێكی سەربازیی گەورە و پلان بۆ داڕێژراوی رژێمی بەعسدا، بە 8 قۆناخ پرۆسەی ئەنفالی كورد دەستیپێكرد.
بەپێی گێڕانەوەی ئەوانەی رزگاریان بووە، سەرجەم ئەوانەی كە لە ئەنفالدا دەستگیركران، لە قۆناخی دواتردا لە یەكدی جیاكراونەتەوە، گەنجەكان لەلایەك و ئافرەت و منداڵ و پیر و بەتەمەنەكانیش لەلایەكی دیكە. گەنجەكان بە پاس بەرەو چاڵەكانی مەرگ رەوانە كراون، ئەوانی دیكەش بەرەو زیندانی ترسناكی نوگرە سەلمان لە باشووری عێراق لەسەر سنووری عێراق و سعودیە گواستراونەتەوە.
ئەوانەی لە زیندانی نوگرە سەلمان دەستبەسەر بوون، رۆژانە لەلایەن جەللادێكەوە ئەشكەنجە دراوە، کە عەجاج تكریتی بووە و لای کوردانی نوگرە سەلمان بە حەجاج ناوبراوە.