لاهور شێخ جەنگی پەیامێك بۆ ناوەندی بڕیاری یەكێتی دەنێرێت

رووداو - هەولێر

لاهور شێخ جەنگی تاڵەبانی، بەپرسی هێزەكانی دژە تیرۆر رایگەیاند، ئەوانەی ناوەندی بڕیاری یەكێتیان دروستكردووە، خۆیان شەرعیەتییان نییە و مام جەلال بە چەپڵە كردوونی بە جێگری خۆی.

لاهور شێخ جەنگی، بەپرسی هێزەكانی دژە تیرۆر بە رووداوی راگەیاند "ئەو برادەرانە پەلەیان كردووە لەو بڕیارە، بەڵام لەم رۆژانە پێكەوە دادەنیشن و كێشەكان چارەسەر دەكەین".

لەبارەی راگەیاندنی ناوەندی بڕیاری یەكێتی لاهور شێخ جەنگی گوتی "پیرۆزیان بێت و بابچن خۆیان بڕیاربدەن. ئەوان سەبەبی كێشەكانی یەكێتین. ئەوان بە چەپڵە بوونەتە جێگر و شەرعەتیان نەماوە. لەبەرئەوەی ئەوان بە دەنگدان نەهاتوونەتە ئەو پۆستە و مام جەلال بە چەپڵە كردنی بە جێگری خۆی".

لاهور شێخ جەنگی دەشڵێت "یەكێتییەكان و هێزی پێشمەرگە بڕیاری یەكێتی دەدەن. ئێمە دڵمان لە ئەوان گەورەترە، ئەم دۆخە هێوردەبێتەوە و ئەو كێشانە لەنێو خۆمان چارەسەر دەكەین".

لەبارەی ئاگاداری هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، لاهور شێخ جەنگی گوتی "هێرۆخان خەریكی قاوەخواردنەوە و جگەرەكێشانەوە و ئاگاداری بەیاننامەكە نییە".