وەرگرتنی ڤیزای بەریتانیا بۆ خەڵکی عێراق و کوردستان خێراتر دەبێت

 
رووداو - هەولێر 

ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جۆن ویلیکس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد. باڵیۆزی بەریتانیا رایگەیاند، لەمەودا پرۆسەی وەرگرتنی ڤیزا بۆ هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان خێراتر دەبێت.

لە کۆبوونەوەکەدا کە جەیمس سۆرۆنتن کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو. باڵیۆزی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد، وڵاتەکەی بە گەشبینی و ئەرێنی پێشوازی لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، ئامادەیە بۆ هەموو هاوکارییەک  و هەرێمی کوردستان بەردەوام لە گەشەکردندایە.

باڵیۆزی بەریتانیا خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی کە ئێستا کەشێکی ئەرێنی لەنێوان هەولێر و بەغدا لە ئارادایە. هەروەها ئاماژەی بە ئامادەیی کۆمپانیا بەریتانییەکان کرد بۆئەوەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن.

لە کۆبوونەوەکەدا مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر پێشکەوتنی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و روونیکردەوە، ئێستا گفتوگۆکان بەردەوامن، پەیوەندییەکان بە ئاراستەیەکی راستدا دەڕۆن و لێکتێگەیشتنێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایشی لە باڵیۆزی بەریتانیاش کرد ئاسانکاری زیاتر بکرێت بۆ هاتووچۆ و گەشتکردن لەنێوان هەردوولا بە تایبەتی بۆ هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە بتوانن سەردانی بەریتانیا بکەن. باڵیۆزی بەریتانیاش رایگەیاند، لەمەودا پرۆسەی وەرگرتنی ڤیزا بۆ هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان خێراتر دەبێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسی مەترسی و هەڕەشەکانی داعش یان کرد کە ئێستا لە چەند ناوچەیەکی عێراق دەستیان بە خۆرێکخستنەوە و جموجوڵ کردووەتەوە، بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر خەڵکی ئەو ناوچانە و رێگریش لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات بۆ شوێنەکانیان. هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە پێویستە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان، هەماهەنگی زیاتر لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەبێت.

 

هەر ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی پێشوازی لە ئۆلیڤییە دیکۆتینێ، کۆنسووڵی نوێی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد و پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێکرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە پەیوەندیی مێژوویی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان کردووە و رایگەیاندووە "سوپاسی دەوڵەتی فەرەنسا دەکەین کە بەردەوام هەڵوێستی دۆستانە بووە بەرامبەر گەلی کورد و هەرێمی کوردستان . ئومێدەواریشم پەیوەندییەکانمان زیاتر گەشەبسەنێت". 

کونسووڵی نوێی فەرەنساش سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە و رایگەیاندووە "بە گرنگییەوە لە کارنامەی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێم دەڕوانین و حکومەتی فەرەنساش ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەک کە پێویست بێت بۆ یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان".