ئاوی سلێمانی: 35% بۆ 50%ی ئاوی سلیمانی بەفیڕۆدەچێت

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی رایدەگەیێنێت، 35% بۆ 50%ی ئاوی ناو شاری سلێمانی بەفیڕۆدەچێت و پسپۆڕێکی سیاسەتی ئاویش ئاماری گەڕەکێکی ئەو شارە دەخاتەڕوو و دەڵێت، لە 10 ماڵیان پێنجیان بەیانیان بەر دەرگا دەشۆن.
 
سەربەست عوسمان، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "رۆژانە پێوستمان بە 450 - 500 هەزار مەتر سێجا ئاوە، ئێستا رۆژانە 200 - 250 هەزار مەتر سێجا ئاومان هەیە. بە گوێرەی بەدواداچوونەکانمان، 35% بۆ 50%ی ئاوی ناو شاری سلیمانی بەفیڕۆدەچێت. داواکاریمان پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە کە پێویستمان بە وێستگەی دیکەی دابەشکردنی ئاوە".
 
شوان جاف، پسپۆڕی ژینگە و سیاسەتی ئاویش دەڵێت، "لە گەڕەکی خەباتی سلێمانی ئامارمان وەرگرتووە کە لە هەموو 10 ماڵێک بەیانیان پێنجیان بەر دەرگایان شۆردووە. لە هەموو 10 ماڵێک شەش ماڵ ئاوی نیشتمانی و بیری سووریی هەبووە".
 
سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی سلێمانی بەنداوی دووکانە. هەندێک جار بەهۆی خنکانی کەسێکەوە سێ رۆژ ئاوەکە دەگیرێتەوە، یان تۆرباینێک تێکدەچێت، ئەوانە هەمووی دەبنە هۆی بێئاوی لە سلێمانی.
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، ئەو شارە ساڵانە 70 ملیار مەتر سێجا ئاوی پێویستە بۆئەوەی کێشەی کەمئاویی نەبێت، بەتایبەت لە هاویندا.
 
ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ئەوە دەخەنەڕوو، هەر تاکێک لە هەرێمی کوردستاندا رۆژانە پێوستی بە 200 بۆ 250 لیتر ئاوە، بەڵام ئەوەی تاکێک بەکاریدەهێنێت 370 بۆ 400 لیترە کە زۆر لە بڕی ستاندارد زیاترە.