دڵشاد شەهاب: هەرکاتێک پێویست بکات نێچیرڤان بارزانی سەردانی لایەنە عێراقییەکان دەکات
رووداو- هەولێر
راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەکانی رابردوودا نێچیرڤان بارزانی دوو جار پێشنیازی بۆ لایەنەکانی عێراق کردووە کە دەتوانن لە هەولێر "وەکو پایتەختی دووەم" کۆببنەوە و کێشەکانیان چارەسەر بکەن. دەشڵێت، "هەرکاتێک پێویست بکات، نێچیرڤان بارزانی سەردانی لایەنە عێراقییەکان دەکات."
رۆژی پێنجشەممە، 1-9-2022، دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان میوانی بوولتەنی کاژێر هەشتی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شاهۆ ئەمین پێشکێشی دەکات و رایگەیاند: "لە خولەکانی پێشووی پەرلەماندا چەند جارێک هەوڵی نووسینەوەی دەستوور درا، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی سیاسی لەسەر کۆمەڵێک پرس نەگەیشتنە ئەنجام".
راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی ئەم خولەی پەرلەماندا هەوڵیدا جارێکی دیکە نووسینەوەی دەستوور دەستپێبکرێتەوە و لە دیدار و کۆبوونەوەکانیشی لەگەڵ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان باسی لەو بابەتە کردووە".
دڵشاد شەهاب دەڵێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ساڵی 2021 بە نووسراوێک داوای لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران کرد لیژنەیەک لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزای بواری یاسا و دەستوور پێکبهێندرێت و گفتوگۆ بکرێت بۆ ئەوەی چۆن پرسی نووسینەوەی دەستوور بخرێتە سەر هێڵ و کاری لەسەر بکرێت و ئەو کاتیش کۆمەڵێک کۆبوونەوە بۆ ئەو مەبەستە کران. دەشڵێت: "بەپێی ئەو دۆخەی لەبەردەمدایە کە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام نادرێت، ناچار دەبێت تەمەنی پەرلەمان درێژ بکرێتەوە؛ ئەو ماوەیە زۆر گونجاوە بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگیرێت و کار لەسەر نووسینەوەی دەستوور بکرێت".
لەبارەی ئامانجی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە راسپاردنی پەرلەمان بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان، دڵشاد شەهاب گوتی: "بە تێڕوانینی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشێکی ئەو پرسانەی لە هەرێمی کوردستان دەبنە هۆی دروستبوونی ناکۆکیی سیاسی، بەهۆی نەبوونی دەستوورە؛ ئەگەر دەستوورێکمان هەبێت و تێیدا رۆژی هەڵبژاردن دیاریبکرێت و کۆمەڵێک هێڵی گشتی بۆ سیستمی بەڕێوەبردن و شێواز و یاسای هەڵبژاردن دیاریکردبێت، ئەو ناکۆکییانەش دووبارە نابنەوە".
بەپێی فەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان 1-10-2022 وەک رۆژی هەڵبژاردن دیاریکرابوو، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، هەڵبژاردنەکە لە کاتی خۆیدا ناکرێت.
دڵشاد شەهاب لەبارەی هۆکاری دواکەوتنەکە دەڵێت، پارتی دیموکراتی کوردستان و هەندێک فراکسیۆنی دیکە لەگەڵ ئەوەدا بوون کە ئێستا کات گونجاو نییە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن. "پارتی دوو هەنگاوی نا؛ هەنگاوی یەکەمی ئەوەبوو کە ئەندامانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کە لەسەر بنچینەی ژمارەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2013 دەستنیشانکراوە، دەبێ لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی 2018 رێکبخرێتەوە و ئەوکاتەش پارتی مافی زیادبوونی کورسییەکی لە کۆمیسیۆن دەبێت، بەڵام دواتر پارتی دەستپێشخەرییەکی کرد و گوتی: با هەمان کۆمیسیۆن بە هەمان ژمارە کە لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی 2013 دانراوە، وەک خۆی بمێنێتەوە لەپێناو ئەوەدا کە پەلە بکرێت لەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و پرسی کۆمیسیۆن و دواتر یاسای هەڵبژاردن لە خولی نوێی پەرلەمان یەکلا بکرێتەوە".
وەک راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێدەدات: "کۆمەڵێک فراکسیۆن داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کۆمیسیۆنیان دەکرد. بەهۆی ئەوەی نەگەیشتنە ئەنجام، ئەو دۆخەی ئێستای لێ دروستبوو. ئێستا هەموو لایەنەکان دەڵێن: پێمان خۆشە لەکاتی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت. هەر لایەنە و ئۆباڵی دواکەوتنەکە دەخاتە ئەستۆی ئەوی دیکە، بەڵام هیچ کەس هەنگاوی بۆ بابەتەکە نەناوە".
دڵشاد شەهاب پێیوایە: "هەر لایەنە و دەیەوێ هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، بەڵام بەو شێوەیە بکرێت کە خۆی دەیەوێ کە ئەوەش هەنگاونان نییە؛ تاکە لایەن کە هەنگاوی بۆ دەربازبوون لەو دۆخە نابێت، پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، لەبەرئەوەی لە دواکۆبوونەوە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان [پارتی] گوتی: من چیدیکە رێگریی ناکەم لە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و ئامادەین هەمواری یاساکە بکەینەوە".
راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "هەمووان کۆکن لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن؛ کەواتە شتێکی باشە سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەم هەفتەیەدا رێکارەکان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و پرسی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بنێت".