وێنەی تۆمەتبارکردنەکەی ترەمپ لەسەر جلوبەرگ و کەلوپەل چاپ دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەو وێنەیەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا کە وەکو تۆمەتبار لە دادگە گیرا، لەسەر بەشێک لە کەلوپەلی بەشێک لە فرۆشگاکان دەبینرێت. وێنەکەی ترەمپ لەسەر جلوبەرگ، کڵاو و کوپ چاپ کراوە و بە گوتەی خاوەنی فرۆشگایەک، وێنەی ئەو کەلوپەلانەی کە وێنەی ترەمپی لەسەرە، خواستێکی زۆریان لەسەرە.
بیڵ وییات، خاوەنی فرۆشگەیەک لە لۆس ئەنجلسی ئەمریکا دەڵێت، "لەوانەیە ئەمجارە جیاواز بێت، چونکە خەڵک حەز دەکەن گاڵتە بە ترەمپ بکەن. ب ەشێوەیەکی روون ترەمپ کۆنترۆڵی هەواڵەکانی کردووە و ئێمەش پێمانوایە کە ئەو گاڵتەکردنە بە ترەمپ دەبێتە فرۆشێکی باش بۆ ئەو کە پێشتر وێنەی نەبووە."
ئەو کەلوپەلانەی کە وێنەکەی ترەمپی لەسەر چاپ کراوە، لەلایەن دژبەرانی ترەمپ وەکو گاڵتەجاڕی بەکاردەهێندرێن و لایەنگرانیشی بۆ پشتگیریکردن و هاوکاریی دارایی ترەمپ لە کەمپینی هەڵبژاردنی داهاتووی وڵاتەکەیان، وێنەکان دەکڕن.
تیمی بانگەشەی دۆناڵد ترەمپ ئەو وێنانەی ترەمپ وەکو پاڵپشتیکردنی کەمپەینی هەڵبژاردن و بەدەستهێنانی سەرچاوەیەکی دارایی بەکاردەهێنن و تائێستا لەو رێگەیەوە زیاتر لە حەوت ملیۆن دۆلاریان کۆکردووەتەوە.
خاوەنی فرۆشگەکەی لۆس ئەنجلس دەڵیت، "دژی لایەنگرانی ترەمپ نیم و بەشێک لە ئەندامانی خێزانەکەم یاخود هەموومان کەسێکمان هەیە کە لایەنگری ترەمپە. بە تیشێرتێک کەس بیڕوڕای ناگۆڕێت و هەموو کەسێکیش کە لایەنگری ترەمپ بن یاخود نا رێکلام بۆ ئەو شەرمەزاربوونەی ترەمپ دەکەن؛ پێموایە ترەمپیش دەیەوێت ئەوە وەکو ئامرازێکی بازرگانی بەکاربهێنێت."
ترەمپ رۆژی 24ی ئابی 2023 بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2020، لەلایەن پۆلیسەوە لە گرتووخانەیەکی شاری ئەتلانتای ویلایەتی جۆرجیا دەستگیر کرا و وەکو یەکەم سەرۆکی ئەمریکا وەکو تۆمەتبارێک وێنەی گیرا، پاشان بە کەفالەتی 200 هەزار دۆلار ئازاد کرا.