تورکیا و پەکەکە ئاماری نوێی شەڕ بڵاودەکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا دەڵێت، 22 شوێنیان لە قەندیل و ئاسۆس لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە. ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگەش باس لەوە دەکات، سێ سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کوژراون.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 1ی ئەیلوولی 2023 وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ 22 ئامانجیان لە چیاکانی قەندیل و ئاسۆس لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە، بەبێ ئاماژەدان بە ژمارەیان.
هەپەگەش ئاماژە بەوە دەکات، لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان گەریلاکان و سەربازانی سوپای تورکیادا سێ سەرباز کوژراون.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەپەگە کە رۆژی 31-08-2023 بڵاوکراوەتەوە، گەریلاکانی پەکەکە لە 24 کاژێری پێش بڵاوکردنەوەی راگەیێندراوەکەدا لە ناوچەکانی مەتین و زاپ لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێزەکانی سوپای تورکیا بوونەتەوە. هەپەگە دەڵێت، لە رووبەڕووبوونەوەکەدا سێ سەرباز کوژراون.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ - قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 624 گەریلا و کوژرانی 104 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی دوو هەزار و 996 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 363 گەریلای راگەیاندووە.