مەسرور بارزانی فەرمانی دامەزراندنی بۆ دەرچووانی کۆلێژە پزیشکییەکان دەرکرد

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، فەرمانی دامەزراندنی دەرچووانی کۆلێژی پزیشکی زانکۆکانی (سلێمانی، هەولێری پزیشکی، دهۆک، زاخۆ، کۆیە، گەرمیان و زانکۆی کوردستان)ی دەرکرد.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "ژمارەیان 775 دەرچووی ساڵی خوێندنی ( 2023- 2024 )ن لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە ناونیشان و مووچە و دەرماڵەی شایستە و لەسەر داهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان."
 
حکومەت دەشڵێت: "ئەم فەرمانە لەبەر پێویستی زۆری دامودەزگاکانی تەندروستی هەرێمی کوردستان بە ڕاژەی پزیشکی نیشتەجێی خولاو دەرچووە."
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، حەوت زانکۆ بەشی پزیشکیی گشتییان هەیە و ساڵی رابردوو، 778 پزیشکیان پێگەیاندووە.
 
ژمارەی پزیشکانی گشتیی دەرچووی ساڵی 2024 بەپێی زانکۆکان بەم شێوەیەیە؛
 
- زانکۆی هەولێری پزیشكی؛ 273 پزیشک
- زانکۆی سلێمانی؛ 288 پزیشک
- زانکۆی دهۆک؛ 102 پزیشک
- زانکۆی زاخۆ؛ 21 پزیشک
- زانکۆی کۆیە؛ 43 پزیشک
- زانکۆی  گەرمیان؛ 15 پزیشک
- زانکۆی کوردستان - هەولێر؛ 36 پزیشک