وەزارەتی بازرگانیی عێراق: چەند رۆژی داهاتوو پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەنێرین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، "بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا شایستەی دارایی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت."
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پلانی دابەشکردنی پارەی گەنم بە دوو شێوازە. ئەو جووتیارانەی بڕی گەنمی رادەستکراویان کەمتر لە 25 تۆن بووە، زووتر پارەکە وەردەگرن. بۆ بڕە گەنمی زیاتر، هەر جووتیارێک زووتر گەنمەکەی رادەست کردبێت، زووتر پارەکەی وەردەگرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "هەرێمی کوردستان لەو پارێزگایانە بووە کە دواکەوت لە رادەستکردنی بڕی گەنمی جووتیاران بە کۆگاکانی وەزارەتی بازرگانی، بۆیە بڕە پارەکەشیان دواکەوتووە."
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەرگرت، کە بەهاکەی 340 ملیار دینارە.
پشکی گەنمی وەرگیراوی پارێزگاکانی سلێمانی بە هەڵەبجەشەوە 158 هەزار تۆن بوو. نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی بە رووداوی گوت، "هیچ بڕە پارەیەک بۆ جووتیاران نەنێردراوە و نازانین کەی دەنێردرێت."
پشکی گەنمی وەرگیراو لە پارێزگای هەولێر 122 هەزار و تۆن و دهۆکیش نزیکەی 118 هەزار تۆن بوو.