ئەردۆغان بۆ پزیشکیان: لە دانوستاندنەکانی ئەتۆمیدا پاڵپشتیتان دەکەین

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆککۆماری ئێران دۆخی ناوچەکە و جیهان تاوتوێ دەکەن. سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت هاوئاهەنگیی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران، ''خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو لا دەکات''. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ دووشەممە، 1ی ئەیلوولی 2025 لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە چوارچێوەی دیداری سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە رێکراوی هاریکاریی شانگەهای لە چین کۆبووەوە.
 
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، هەردوو سەرۆککۆمار لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندیی دووقۆڵی، پرسە ناوچەیی و جیهانییەکانیان تاوتوێ کردوون.
 
وەک سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دەڵێت، ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە، هاوئاهەنگیی وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران، ''لە زۆر بواردا خزمەت بە بەرژەوەندیی هەردوو لا دەکات، بە تایبەت لە بواری وزەدا''.
 
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، ئەردۆغان بە پزیشکیانی گوتووە، وڵاتەکەی لە پاڵپشتییەکانی بۆ ئێران لە بابەتی دانوستاندنەکانی ئەتۆمدا بەردەوام دەبێت.
 
دوایین پێشهاتەکانی سووریا و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززەش، لەو مژارانە بوون کە هەردوو سەرۆککۆمار گفتوگۆیان لەبارەوە کردن.
 
رێکخراوی هاریکاری شانگەهای ریکخراوێکی نێودەوڵەتییە و لە ساڵی 2001ـەوە دامەزراوە و ناوەندەکەشی لە چینە. تورکیاش ساڵی 2012 بووەتە ئەندامی رێکخراوەکە.