لە زانکۆی سەلاحەدین ئامادەبوونی میوان بۆ گفتوگۆی نامەی ماستەر و دکتۆرا قەدەخە کرا
رووداو دیجیتاڵ
لە راگەیێندراوێکدا زانکۆی سەلاحەدین رایگەیاند، لەمەودوا سەردانیکردنی میوان و هاوڕێی قوتابییانی خوێندنی باڵا بۆ گفتوگۆی زانستیی ماستەر و دکتۆرا قەدەخەیە.
زانکۆی سەلاحەدین، ئەمڕۆ دووشەممە راگەیێندراوەکەی بڵاوکردووەتەوە و هۆکارەکەشی بۆ باری دارایی خەڵک گەڕاندووەتەوە و دەڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دارایی داوەتکردن و چوونە چێشتخانەش قەدەخەیە".
سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێشتر بۆ هەر گفتوگۆیەکی ماستەر و دکتۆرا قوتابی 100 بۆ 150 کەسی داوەت دەکرد، ئەوەش لە هۆڵەکەدا قەرەباڵخی دروست دەکرد".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین دەشڵێت: "کە میوانێکی زۆر دەهات، رەخنەیەک لە قوتابییەکە بگیرایە کاریگەری نەرێنی لەسەر دروست دەکرد، هاوکات دەنگی منداڵ و قەرەباڵخی هۆڵەکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەندامانی لیژنەکەش هەبوو".
سامان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەدا، سەرۆکی زانکۆ بەشێکی هۆکاری بڕیارەکەی لەبەر دۆخی دارایی خوێندکارانی خوێندنی باڵا داوە، چونکە کە میوانیان داوەت دەکرد دواتر دەبوو هەموویان بباتە رێستۆرانتێک بۆ نانخواردن، لەمەودوا ئەوەش نامێنێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت، بۆ گفتوگۆی زانستیی ماستەر و دکتۆرا، قوتابییانی خوێندنی باڵا دەتوانن ئامادە ببن و سوود لە گفتوگۆکە وەربگرن.
زانکۆی سەلاحەدین لە 16 کۆلێژ و 86 بەش پێکدێت، ژمارەی خوێندکارانی نزیکەی 25 هەزار خوێندکارە و نزیکەی دوو هەزار قوتابی خوێندنی باڵاشی هەیە.