ئاگری دارستانەکانی ئیلام کۆنترۆڵ کرا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ئیلام دەڵێ، دوای دوو رۆژ هەوڵدان، ئاگرەکەی دارستانەکانی ناوچەی سیەچەلی پارێزگاکە کۆنترۆڵ کرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 1ی ئەیلوولی 2025، عەلی محەممەد پاکدلنەژاد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ئاگری دارستانەکانی ناوچەی سیەچەل لە لایەن تیمەکانی سەرچاوە مرۆییەکان، کۆنترۆڵی قەیران و خەڵکی خۆجێیی ناوچەکەوە کوژێندرایەوە .
عەلی محەممەد پاکدلنەژاد گوتی، رۆژی هەینی ئاگرێکی گەورە لە دارستانەکانی ناوچەکە کەوتەوە کە پێش نێوەڕۆی رۆژی شەممە کوژێندرایەوە، بەڵام ئێوارەی هەمان رۆژ بەهۆی هەڵکردنی باوە سەریهەڵدایەوە. بە ئامادەبوونی تیمەکانی سەرچاوە سرووشتییەکان و کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگاکە و یارمەتیی خەڵکی ناوچەکە، دوای دوو رۆژ ئاگرەکە بە تەواوی کوژێندرایەوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری قەیرانی کۆنترۆڵی ئیلام، هەڵکردنی با و سەختیی ناوچەکە، بوونی رووبەڕێکی زۆری دارستان و پووش و پاوان، کوژاندنەوەی ئاگرەکەی زۆر سەختتر کرد.
عەلی محەممەد پاکدلنەژاد دەشڵێت، 200 کەس لە کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی ناوچەی سیەچەلی ئیلامدا بەشدار بوون و دوو هێلیکۆپتەریش بۆ گواستنەوەی تیمەکان و کەلوپەلەکانیان لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا بەکارهێندران.