پار 600 هەزار ئاژەڵی گەورە و بچووک لە هەرێمی کوردستان سەربڕدراون
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، پار لە سەربڕخانەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 600 هەزار ئاژەڵی گەورە و بچووک سەربڕدراون.
رۆژی دووشەممە 1ی ئەیلوولی 2025 فیراس سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی داتای فەرمیی سەربڕخانەکان لە ساڵی 2024ـدا، 459 هەزار و 920 مەڕ، 52 هەزار و 968 بزن و 118 هەزار و 318 ئاژەڵی گەورە لە سەربڕخانەکان سەربڕاون."
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ، بەشێکی زۆری ئاژەڵانیش لە دەرەوەی سەربڕخانەکان سەر دەبڕدرێن، واتا رێژەکە زۆر زیاتریشە.
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ دەڵێت، "کەشوهەوای هەرێمی کوردستان زۆر بۆ کەولی ئاژەڵ لەبارە و کەوڵی ئاژەڵەکانی هەرێمی کوردستان زۆر باشن، بەڵام سوودی لێ وەرناگیرێت و تاوەکو ئێستا هیچ کارگەیەک لە هەرێمی کوردستان بۆ سوودوەرگرتن لێی دانەمەزراوە."
کەوڵی ئاژەڵی هەرێمی کوردستان بە نرخێکی هەرزان هەناردەی دەرەوە دەکرێت. فیراس سدیق گوتی، "زۆر پێویستمان بە کارگەی پیشەسازیی کەوڵە، هیچ رێگرییەک نییە و هەموو ئاسانکارییەک بۆ وەبەرهێنەران دەکەین، وەکو: کرێی کارەبایان بۆ بە نرخی کشتوکاڵی هەژمار دەکەین نەک بازرگانی، ئەو پێداویستییانەی لە دەرەوە دەیهێنێت بۆ کارگەکەی، رێگەی پێدەدەین بەبێ باج بێتە هەرێمی کوردستانەوە و دوای دانانی کارگەکەش ئەگەر پێویستی کرد، سانسۆر لەسەر هاوردەکردنی کەوڵەکان دادەنێین."
هاوکات هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر بە رووداوی گوت، "دوو جۆر کەوڵی ئاژەڵ هەن؛ مەڕ، بزن و ئاژەڵی گەورە؛ پێستی ئاژەڵی بچووک لە هەرێمی کوردستان هەمووی فڕێدەدرێت و هیچ سوودی لێ نابینرێت، پێستی ئاژەڵی گەورەش بە 10 بۆ 15 هەزار دینار دەنێردرێتە دەرەوە."
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2019دا، کەوڵی ئاژەڵی بچووک بە 6 بۆ 7 هەزار دینار و کەوڵی ئاژەڵی گەورەش بە 25 هەزار دینار دەفرۆشرا.
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هەولێر گوتی، "دوای ساڵی 2019 کەوڵی پیشەسازی لە ئەڵمانیا و هیندستان بەرهەمهێندرا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە نرخی بەگشتی زۆر هەرزان بێت، بە جۆرێک کەوڵی ئاژەڵی بچووک بە هەزار دینار دەفرۆشرا. هەروەها پێستی ئاژەڵی گەورە دوو جۆرە: خۆماڵی کە بە نزیکەی 15 هەزار دینار دەفرۆشرێت و هاوردەکراویش بە 10 هەزار دینار".
بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2023 نزیکەی 19 هەزار تۆن چەرم هەناردەی وڵاتانی تورکیا، ئێران، ئەفغانستان، ڤێتنام و پاکستان کراوە؛ بە بەراورد بە ساڵی 2016 کە 28 هەزار تۆن بووە، بە رێژەی 32% کەمی کردووە.