شاسوار عەبدولواحید: هێرشکارەکانی هەولێر دووژمنی عێراق و خەڵکی عێراقن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ هێرشە مووشەکییەکەی شەوی رابردوو بۆ هەولێر ئیدانە دەکات و دەڵێت، هێرشکارەکان دووژمنی عێراق و عێراقییەکانن.
شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە تویتێکدا لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردوو کە 6 مووشەک ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کران دەڵێت، ئێمە ئیدانەی هەموو هێرشێک بۆ سەر دیپلۆماتەکان دەکەین چ لە هەولێر چ لە بەغدا.
شاسوار عەبدولواحید هێرشکارەکان بە دووژمنی عێراق و خەڵكی عێراق ناودەبات و دەڵێت، هەر پارتێكی سیاسی دژی ئەمە نەوەستێت ئەوا هیچ رێزێکی بۆ سەروەری، ئاشتی و ئاسایشی عێراق دانەناوە.
شەوی ڕابردوو شەش مووشەک ئاراستەی هەولێر کران، سەکۆی مووشەکەکان لەسەر ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر دانرابوون، فەرماندەیەکی سەربازیش دەڵێت: "مووشەکەکان لە جۆری کاتیۆشای 40 بە 40 بووە، بەڵام دەستکاریکراون بۆ ئەوەی مەودایەکی زۆرتر بڕوات".
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دوای هێرشەکە راگەیێندراوەکە رایگەیاند، کاژێر 8:30ی ئەم ئێوارەیە (شەوی رابردوو)، شەش مووشەک بە ئاراستەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر هاوێژران کە خۆشبەختانە هیچ ئامانجێکیان نەپێکاوە و هیچ زیانێکی لێ نەکەوتووەتەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، مووشەکەکان لە سنووری (برطلە) لە نێوان گوندەکانی شێخ ئەمیر و تەرجلە لە سەر پیکابێک هاوێژراون. ئەم دەڤەرەش دەکەوێتە سنووری لیوای 30ی حەشدی شەعبی.
وەزارەتی ناوخۆ بەتووندترین شێوە ئەو "هێرشە تێرۆریستییە ترسنۆکانەیە" ئیدانە دەکات و رایگەیاند: "ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەک. داواش لە حکومەتی فیدراڵی دەکەین دەستبەجێ ئیجرائاتی پێویست وەربگرن".