پێشبینی دەکرێت دووشەممە لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان باران ببارێت


رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پێشبینی دەکرێت سبەی لە سنووری پارێزگای دهۆک نمەباران و لە سنووری پارێزگای هەولێر و بەشێکی ئیدارەی راپەڕینیش پرووشکەباران ببارێت. کەشناسێکیش دەڵێت، سبەی لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە باران نابارێت و لەو ناوچانە رۆژی چوارشەممە ئەگەری بارانبارین هەیە.
 
رۆژی یەکشەممە، 1ـی ئۆکتۆبەری 2023، لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆوە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، "ئاسمان نیمچەهەور و کەمێک بەرزبوونەوەی تۆزوخۆڵ دەبێت، بەتایبەت لە بەشێک لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان".
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەی دووشەممە، کەشناسی دەڵێت، "ئاسمان نیمچەهەور دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان ئاستی هەور زیاتر دەبێت. لە سنووری پارێزگای دهۆک ئەگەری نمەبارانی کەم هەیە؛ لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و بەشێک لە ئیدارەی راپەڕینیش پرووشەباران دەبارێت".
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سبەی لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر باران دەبارێت، بەتایبەت لە سنووری ئیدارەی سۆران و قەزای ئامێدی. گوتیشی، "ئەگەری باران لەنێو سەنتەری دهۆک هەیە و لە هەولێر زۆر لاوازە؛ ئەم شەپۆلە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە زۆر بەلاوازی دەگرێتەوە".
 
ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەکرد، چوارشەممە 4ـی ئۆکتۆبەر، ئەگەری بارانبارین لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک، راپەڕین و گەرمیان هەیە و بۆ هەولێر ئەگەرەکە لاوازە. گوتیشی، "بارانبارینی ئەم هەفتەیە هیچی کەرکووک ناگرێتەوە. پلەی گەرماش بەردەوام بەرەو نزمبوونەوە دەڕوات".
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، بەراورد بە ئەمڕۆ، پلەی گەرمای سبەی 1 بۆ 2 پلە دادەبەزێت؛ هەروەها بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
 
هەولێر؛ 31 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 30 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 29  پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 33 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 32 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 29 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 22 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 29  پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 34  پلەی سیلیزی