منداڵ خستنەوە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کەمیکردووە؛ خراپی ئابووری هۆکاری سەرەکییە
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی دانیشتووانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان روو لە کەمبوونەوە و پیربوونە. ئارەزووی منداڵ خستنەوە لەنێو گەنجان کەمبووەتەوە. دانیشتووان، خراپی دۆخی ئابووری بە هۆکاری سەرەکی دادەنێن.
بەپێی ئاماری وەزارەتی وەرزش و گەنجانی ئێران، 17 ملیۆن کەس لە ئێران تەمەنیان لەخوار 45 ساڵە و ژیانی هاوژینییان پێکنەهێناوە.
بەرپرسانی ئێران دەڵێن، ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بەردەوام بێ، پیربوون و کەمبوونەوەی دانیشتووان لە 25 ساڵی داهاتوودا زیاتر کاریگەرییەکەی دەردەکەوێ.
25ی ئەیلوول، ناوەندی نیشتمانیی دانیشتووانی ئێران بڵاویکردەوە، لەدایکبوون لە نەورۆزەوە تاوەکو 21ـی ئەیلوول 9٪ کەمیکردووە و ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بەردەوام بێ، سیستمی تەندروستی رووبەڕووی ئاستەنگی جدی دەبێتەوە لە بواری چاودێریی بەساڵاچووان و تێچووی تەندروستییان.