سەرچاوەی ئاوی گوندێکی شارباژێڕ وشکی کردووە و بەشێکی خەڵکی گوندەکەیان چۆڵکردووە


رووداو دیجیتاڵ

وشکەساڵیی سەخت و نەبوونی پڕۆژەی ئاو، ژیانی لە گوندی کانی وەیسەی شارباژێڕ زەحمەت کردووە. مام مەجید، پیاوێکی بەتەمەنی دانیشتووی گوندەکەیە، نەک تەنیا خۆی، بەڵکو دار و درەخت و ئاژەڵەکانیشی، بێ ئاوی تەنگی پێ هەڵچنیون.
 
ئیبراهیم قادر، گوندنشینێکی دیکەیە، بە ناچاری 30 سەر ئاژەڵەکانی فرۆشتووە بەهۆی نەبوونی ئاو. پڕۆژەیەکی ئاوی 102 ملیۆن دیناریش، 100 ساڵە لە چاوەڕوانیی جێبەجێکردندایە.
 
ئیبراهیم قادر دەڵێت، "دار و درەختمان وشک بووە، من 50 سەر ئاژەڵم هەبوو، لەبەر بێ ئاوی 30 دانەم لێ فرۆشت، چونکە ئاو دەبێت بە پارە بکڕدرێت، دوو قات زەرەرم بوو."
 
لە گوندی کانی وەیسە، کە 54 ماڵی تێدایە، تینوویەتی باڵی بەسەر ژیاندا کێشاوە. مام مەجید لەسەر بێ ئاوی دەڵێت: "ئاو نییە، دەبێت بیکڕین و تینوومانە. داواکارم لە حکومەت پڕۆژەیەکی ئاومان بۆ دابین بکات."
 
ئەم پیاوە بەتەمەنە، کە ژیانی لەسەر بیرە ئاوەکەی بەڕێوەدەبرد، ئێستا بیرەکەی وشکی کردووە و بە ئەستەم دەتوانێت چەند رۆژێک لە ماڵەکەی بمێنێتەوە.
 
حکومەت لەڕێگەی تانکەرەوە ئاوی خواردنەوە بۆ گوندنشین و ئاژەڵەکانیان دابین دەکات، بەڵام گوندنشینان دەڵێن، بڕەکەی کەمە و تانکەرەکانیش زوو زوو پەکدەکەون، بەجۆرێک هەندێکجار نزیکەی لە 40 رۆژ چاوەڕوانن تاوەکو ئاویان پێدەگات. 
 
پوورە نێرگزیش، کە بە تەنیا لەگەڵ گوڵەکانی لە ماڵەکەیدا دەژی، دەڵێت، بەهۆی بێ ئاوی ناچارە زوو زوو گوند چۆڵ بکات و بچێتە شار، بەڵام خەمی تینوویەتیی گوڵەکانی دەیهێنێتەوە: "ئاوی تیا نییە ئەم گوندە، هەمووی وشک بووە. لە پاروە ماڵم لەبەر بێ ئاو نەشۆردووە."
 
ئەم کێشەیە لە کاتێکدایە، 11 ساڵ لەمەوبەر بڕیاری دروستکردنی پڕۆژەیەکی ئاوی خواردنەوە بۆ گوندەکە دەرچوو، بەڵام قەیرانی دارایی بووەتە رێگر و ساڵ لەدوای ساڵ بەهۆی گرانبوونی نرخی کەرەستەکان، تێچووی پڕۆژەکە زیادکراوە و دوایین جار گەیشتووەتە 102 ملیۆن دینار. 
 
بەهادین بەکر، موختاری گوندی کانی وەیسە دەڵێت: "دەڵێن پارە نییە، حکومەت پارەی نییە، بانک پارەی تێدا نییە، بۆیە پڕۆژەی ئاوەکەمان بۆ نەکراوە."
 
هاوینی گەرم و وشکەساڵیی سەخت، زۆرینەی سەرچاوە ئاوییەکانی گوندەکانی شارباژێڕی وشک یان کەمئاو کردووە، گوندنشینەکان ناچارن بە تانکەر ئاوی خواردن دابین بکەن.