لە ئامێدی فەرمانبەرێکی کارەبا بە تەزووی کارەبا گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبا گیانلەدەستدانی فەرمانبەرێکی وەزارەتەکەیانی لە ئامێدی لەکاتی ئەرکدا راگەیاند؛ جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی ئامێدیش دەڵێت، "٪80ـی جەستەی بەهۆی تەزووی کارەباوە سووتابوو."
رۆژی چوارشەممە، 01-10-2025، وەزارەتی کارەبا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "خینکار سوبحی ئەمین، فەرمانبەری کارەبای قدش لە قەزای ئامێدی لەکاتی ئەرکی فەرمیدا بەهۆی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا."
مەسعود بۆتی، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی ئامێدی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خینکار گەیێندرایە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی دهۆک کرا، ٪80ی جەستەی سووتابوو، تەندروستیی ناجێگیر بوو."
رووداوەکە کاژێر 10:00ـی بەیانی روویداوە. مەسعود بۆتی گوتی: "تاوەکو نزیک کاژێر 05:00ـی ئێوارە لە نەخۆشخانە مایەوە و دواتر گیانی لەدەستدا."
لەبارەی رووداوەکە، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی ئامێدی دەڵێت: ''بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکەی چووەتە سەر ستوونێکی کارەبا، پێشتر ئامادەکارییان کردبوو، کارەبای ئەو ستوونەیان کوژاندبووەوە، بەڵام لەناکاو تەزوویەکی کارەبا لێیداوە. لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکدەهێندرێت''.
خینکار سوبحی ئەمین، تەمەنی 35 ساڵ بوو و لە ساڵی 2011ـەوە لە بەشی کارەبای قدش لە ئامێدی کاری کردووە.