دواى زیاتر لە چوار مانگ، تورکش ئێیەرلاینز گەشتەکانی کەرکووک - تورکیا دەستپێدەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای 130 رۆژ لە راگرتنی گەشتەکانی بەهۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران، کۆمپانیای تورکیش ئێیەرلاینز گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە بۆ تورکیا دەستپێدەکاتەوە.
 
گەشتەکانی ئەو کۆمپانیایە، ئەمڕۆ چوارشەممە یەکی تشرینی یەکەمی 2025 لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە بۆ تورکیا دەستیپێکردووەتەوە.
 
هەردی سەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی کەرکووک، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گەشتی ئاسمانیی کۆمپانیای تورکش ئێیەرلاینز لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران راگیرابوو، ئەمڕۆ یەکەم گەشتی بۆ ئیستەنبوڵ کرا."
 
12ـی حوزەیرانی 2025، جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستیپێکرد و 12 رۆژ بەردەوام بوو، لەو ماوەیەدا عێراق ئاسمانەکەی بەڕووی گەشتەکاندا راگرت و کۆمپانیای تورکش ئێیەرلاینزیش لەو کاتەوە گەشتەکانی راگرتبوو.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەی کەرکووک گوتی: "کۆمپانیای تورکش ئێیەرلاینز هەفتانە دوو گەشتی هاتن و چوون لە رۆژانی یەکشەممە و چوارشەممە دەکات."
 
گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە بۆ تورکیا لە لایەن هێڵی ئاسمانیی عێراقەوە دەکرا، کە چوار گەشت بوو لە هەفتەیەکدا.