ناوچەکانی دەوروبەری دەریاچەی ورمێ بەهۆی زریانی خوێوە چۆڵ دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری فیدراسیۆنی پیشەسازیی ئاوی ئێران دەڵێت، زریانی خوێی دەریاچەی ورمێ دەستیپێکردووە، بۆیە ناوچەکانی دەوروبەری دەریاچەکە چۆڵ دەکرێن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 1-10-2025، رەزا حاجی کەریم، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری فیدراسیۆنی پیشەسازیی ئاوی ئێران رایگەیاند: "بەهۆی وشکبوونی دەریاچەی ورمێ، زریانی خوێ دەستیپێکردووە و پلەی گەرما بەرز بووەتەوە، ئەوەش کاریگەری لەسەر دانیشتووانی ناوچەکانی نزیک دەریاچەکە هەیە."
 
رەزا حاجی کەریم هۆشداری دا و گوتی: "ئەگەر بەردەوام بین لەسەر شێوازی چاندنی هەڵە لە دەوروبەری دەریاچەی ورمێ و پەرەپێدانی باخداری و زیادکردنی چاندنی گەنم، ئەوا ئاوی بەنداوەکانیش کێشەکە چارەسەر ناکات."
 
سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری فیدراسیۆنی پیشەسازیی ئاوی ئێران ئاماژە بە رێگاکانی ژیاندنەوەی دەریاچەکە دەکات و دەڵێت: "ئەگەر ئێمە بیروڕامان بگۆڕین و ژیانی ئیکۆلۆژیی دەریاچەی ورمێ لەپێش هەر چارەسەرێکی دیکەن دابنێین و پابەند بین بە گۆڕینی نەخشەکە و کەمکردنەوەی رووبەری چاندن، کارگەکانی چەوەندەری شەکر بوەستێنین و شێوازی بەخێوکردنی ئاژەڵ بگۆڕین. هێنانی ئاوی بەنداوەکان بۆ ناو دەریاچەکە کێشە بۆ بژێوی و ئابووریی ناوچەکە دروست ناکات و دەریاچەکە دەژیێتەوە."
 
رەزا حاجی کەریم گوتی: "زریانی خوێی دەریاچەی ورمێ دەستیپێکردووە، بەمەش چۆڵکردنی ناوچەکانی دەوروبەری ورمێش دەستپێدەکات."
 
بەشی زۆری رووبەری دەریاچەی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان وشکبووە.
 
بەپێی دوایین رووپێوی، بەشی باکووری دەریاچەکە ئاوی تێدا نەماوە و لە بەشی باشووری دەریاچەکەش 600 بۆ 700 کیلۆمەتری چوارگوشە ئاوی تێدا ماوە، بەڵام قوڵیی ئاوەکە تەنیا 15 بۆ 20 سانتیمەترە، هاوینی پار رووبەری دەریاچەکە هەزار و 1140 کیلۆمەتری چوارگوشە بوو و یەک ملیار و 630 ملیۆن سێجا ئاوی تێدابوو.
 
حوجەت جەباری، بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ رایگەیاندووە، ئەگەر دۆخەکە بەم شیوەیە بەردەوام بێت تاوەکو کۆتایی هاوین دەریاچەکە بە تەواوی وشک دەبێت.
 
عەلی بەیتوڵڵاهی، سکرتێری لیژنەی نیشتمانی مەترسییە سروشتییەکانی ئێران دەڵێت؛ ئەگەر دەریاچەکە وشک بێت، ژیانی 15 ملیۆن کەس دەشێوێت و باهۆزی خوێ هەڵدەکات و زیانی گەورە بە کەرتی کشتوکاڵ دەگەیێنێت.