لە هەڵەبجە دوو کەس بە تۆمەتی دزینی سندووقی خێری مزگەوت دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە رایگەیاند، دوو کەسیان بە تۆمەتی دزینی سندووقی خێری مزگەوتێک دەستگیر کردووە. راشیگەیاند، ئەو دوو تۆمەتبارە لە ماوەی مانگێکدا دووەم جارە دەستگیر دەکرێن.
رۆژی چوارشەممە، 01ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەڵەبجە بڵاویکردەوە: "دوو تۆمەتبار دەستگیرکراون کە لە ماوەی رابردوودا سندووقی خێری مزگەوتێکیان لەنێو شاری هەڵەبجە دەزیوە."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، دوو تۆمەتبارەکە کامێرای چاودێریی مزگەوتەکەیان لەکارخستووە بۆ ئەوەی لە کاتی دزییەکەدا دەرنەکەون.
پۆلیسی هەڵەبجە رایگەیاندووە، دوو تۆمەتبارەکە لە ماوەیەکی کەمدا لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە دۆزراونەتەوە و بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراون.
ئاکام قوتبەدین، گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نزیکەی 20 رۆژ پێش ئێستا، هەمان ئەو دوو تۆمەتبارە لەسەر هەمان تاوان کە دزیکردن بوو لە مزگەوت، دەستگیرکران و دوای ئازادکردنیان بە کەفالەت راستەوخۆ هەمان تاوانیان کردووە."
بە گوتەی ئاکام قوتبەدین، لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە و دانیان بە تاوانەکەیان ناوە. گوتیشی: "ئەو دوو کەسە بە رەگەز عەرەبن و دانیشتووی هەڵەبجەن، تەمەنیان 14 و 17 ساڵە و بە ناوەکانی (م. ح. ر) و (ئ. و. ع)."