کۆمیسیۆن بۆ رووداو: 3-10 بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لیستى بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسندکرد و رۆژی هەینی وەک دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ی تشرینی یەکەمی 2025، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، لیستى ئەو بەربژێرانەی پەسندکرد کە مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە."
لەکۆی نزیکەی 8500 کەس کە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەربژێر کردبوو، زیاتر لە 500 بەربژێریان لەلایەن ئەنجوومەنی کۆمیسیارانەوە دوورخرانەوە.
جومانە غەلای گوتی: "ژمارەی بەربژێرە پەسندکراوەکان نزیکەی 7 هەزار و 800 بەربژێرە."
گوتەبێژەکەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت: "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران رۆژی هەینی، 3ی تشرینی یەکەمی وەک وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ بەربژێرە پەسندکراوەکان دیاری کرد."
بڕیارە رۆژی 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت کە 320ـیان گشتین و 9 کورسییان کۆتان. رۆژێک پێشتر، دەنگدانی تایبەت بەڕێوەدەچێت.