هەسەدە: سێ چەکداری شانەیەکی داعشمان دەستگیر کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، "پلانێکی تیرۆریستی داعش لە سنووری دێرەزوور پووچەڵ کراوەتەوە و سێ چەکداریان دەستگیر کران."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 01-10-2025 ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، بەهۆی هەوڵە ئەمنی و سەربازییە بەردەوامەکانەوە، هێزەکانمان، توانییان "شانەیەکی تیرۆریستیی سێ کەسیی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش دەستگیر بکەن، لە شارۆچکەی تەکیحی سنووری دێرەزوور."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی هەسەدە، ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای چاودێریکردنی وردی جووڵەی ئەندامانی شانەکە هات، کە خۆیان ئامادە دەکرد بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی، کە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بکاتە ئامانج، "هێزەکانمان گەمارۆیەکی تووندیان خستە سەر شوێنیان و بەبێ هیچ زیانێک دەستگیریان کردن."
 
لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا، چەندین چەک و بەڵگەنامە دەستیان بەسەردا گیرا کە سەلمێنەری پەیوەندیی ئەو کەسانە بوون کە دەستگیرکران بە رێکخراوی داعشەوە، "پشتڕاستی دەکردەوە کە ئەوان تێوەگلاون لە پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی کە ژیانی هاووڵاتییانی سڤیل دەخاتە مەترسییەوە."