گوتەبێژی سەرۆکایەتیی تورکیا: ئەردۆغان پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی دەکات
رووداو - هەولێر
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی تورکیا رایگەیاند، ئەردۆغان لە کاتێکی گونجاو و دیاریکراودا پێشوازی لە سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی دەکات.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، ئیبراهیم کالن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی تورکیا باسی لە هەڵوێستی نوێی وڵاتەکەی کرد لەبارەی گشتپرسیی کوردستان و رایگەیاند: "هەنگاوەکانی هەولێر نیگەرانی کردین و داوا دەکەین لەو هەنگاوە هەڵەیە پەشیمان ببنەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تورکیاش چاوەڕێ دەکەین هەڵبوەشێتەوە، هەرچەندە ئێستا وەک ئەوەیە هەر نەبووبێت".
ئیبراهیم کالن راشیگەیاند: "سەرۆک ئەردۆغان لە کاتێکی گونجاو و دیاریکراودا پێشوازی لە سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی دەکات، هەر وەک پێشتر چەندین جار پێشوازی لێکردووە وەک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردی لە عێراق لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتوودا، بۆیە ئەگەر ئەو داوایەمان لێبکرێت هەڵیدەسەنگێنین".
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی تورکیا جەختیکردەوە "ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەوەین پەیوەندییە باشەکانمان لەگەڵ کوردی عێراق بەردەوام بێت".
لەبارەی دەروازە سنوورییەکانەوە، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی تورکیا رایگەیاند، لەمەودوا حکومەتی عێراق کۆنترۆڵی دەروازەکان دەکات، بەڵام تورکیا دەروازەکانی دانەخستوون و داشیانناخات.
ئیبراهیم کالن راشیگەیاند، پێویستە تورکمانەکانی تەلەعفەر بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و حکومەتی عێراقیش تەلەعفەر و موسڵ نۆژەنبکاتەوە.
داڕشتنەوە: حەکیم داود