ئیدریس نێچیرڤان بارزانی: شێوازی بیركردنەوەی رەخنەیی خۆتان پەیڕەو بكەن

رووداو – هەولێر 

ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، داوا لە دەرچووانی زانكۆی كوردستان – هەولێر دەكات باوەڕیان بەخۆ هەبێت چونكە باوەڕنامە و زانستیان لە زانكۆیەكی ئاستبەرز وەرگرتووە، بەڵام لە هەمانكاتدا دەڵێ " رێگەتان پڕە لە ئاڵنگاری و ماندووبوون". 
 
رۆژی 30/10/2019 رێوڕەسمی دەرچوونی 134 خوێندكاری زانكۆی كوردستان – هەولێر لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو. ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، راوێژكاری زانكۆی كوردستان – هەولێر بە ئامادەبوونی دەستەی ئەمیندارانی زانكۆ و خوێندكارە دەرچووەكان و كەسوكاریان، وتارێكی بە زمانی ئینگلیزی پێشكەش كرد و تێیدا داوای لە خوێندكارانی دەرچوو كرد " ئەو هۆشمەندی و شێوازی بیركردنەوە رەخنەییەی لەم زانكۆیەدا فێریبوون لە ژیانتاندا پەیڕەوی بكەن". 
 
زانكۆی كوردستان – هەولێر كە زانكۆیەكی گشتییە و لەپێناو پێشخستنی بواری خوێندنی زانكۆیی دامەزراوە، خوێندن و گفتوگۆی وانەكان تێیدا بە زمانی ئینگلیزییە، لەبەرئەوەش زمانی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەكانیشی بە زمانی ئینگلیزییە . 
 
پەروەردەكردن و راهێنانی خوێندكاران تێیدا بەپێی پێویستییەكانی كارە لە كوردستان، بەوشێوەیەش بەپێی بەشە پەیوەندیدارەكانی وایكردووە تائێستا لەو 1150 خوێندكارەی تائێستا لەو زانكۆیە دەرچوون، 99 لەسەتیان كاریان دەستكەوێت یان بوونەتە خاوەن كاری خۆیان.
 
زانكۆی كوردستان – هەولێر ساڵی 2006 دامەزراوەو خوێندن تێیدا بە پارەیە، بەڵام بەپێی قسەی بەڕێوەبەرانی ئەو زانكۆیە ئەوەی لە خوێندكاران وەردەگیرێت بەشێكی كەمی ئەو خەرجییەیە كە ساڵانە لە زانكۆیەكە خەرج دەكرێت . هەروەها ساڵانە یەكەمە كەمدەرامەتەكان و چەند منداڵێكی شەهید بەخۆڕایی لەو زانكۆیە وەردەگیرێن. 
 
ئەمەش دەقی وەرگێڕدراوی وتاری ئیدریس نێچیرڤان بارزانی ، راوێژكاری زانكۆی كوردستان- هەولێرە: 
 
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
 
خوشك و برایانی بەڕێز بەخێربێن..
 
دەرچووانی ئازیز، شەرەفێكی گەورەیە كە ئەمرۆ لێرە ئامادەم و لەگەڵتان دەدوێم.
 
سەرەتا رێگەم پێبدەن ستایشی هەوڵ و كۆششی دامەزرێنەر و راوێژكاری پێشووی زانكۆی كوردستان رێزدار سەرۆك نێچیرڤان بارزانی بكەم. ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین بەدیهاتنی روانگەی بەڕێزیانە.
 
وەك راوێژكاری نوێ و گەنجی ئەم زانكۆیە، هەست بە خاكەرایی دەكەم لە ئاست ئەم بەرپرسیارێتییە مەزنە. من بەردەوام دەبم لە برەودان بە روانگەی دامەزرێنەرەكەمان، كە دەرگای دەرفەتی بۆ هەموو هاووڵاتییەك كردووەتەوە.
 
دەرچووانی ئەم ساڵ، 2019، دەستخۆشیتان لێدەكەم بە بڕینی ئەم قۆناخە گرنگەی ژیانتان. مافی خۆتان و خێزانەكانتانە شانازی بەم سەركەوتنەوە بكەن. پیرۆزتان بێت!
 
هەروەها دەستخۆشی لە دەستەی وانەبێژان و گشت ستافی زانكۆ دەكەم بۆ ماندووبوون و پابەندبوون و دڵسۆزی و بەشدارییان لە هێنانەدی ئەم رۆژە. شایەنی ستایش و چەپڵەن!
 
زانكۆكان، بە پێناسە، لە دەستەی وانەبێژان و خوێندكاران پێكدێن. ئێوە تەنیا خوێندكار نەبوون لە زانكۆی كوردستان، بەڵكۆ ئێوە خودی زانكۆكە بوون. ئێستاش كە بژاردەكانی ئایندەتان هەڵدەبژێرن و پێشدەكەون، لەیادتان بێت كە سەركەوتنی ئێوە، سەركەوتنی ئێمەیە.
 
ئەمڕۆ رۆژێكی گرنگە لە ژیانتان. ئەمڕۆ كۆتایی نییە! بەڵكو سەرەتای رێگەكەیە.
 
جیهان لە دەرەوەی زانكۆ پڕە لە ئاڵنگاری و هەڵسان و دابەزین. بەڵام لە دەیان ساڵی رابردوودا، ئەوە ئێوەن كە دەرفەتێكی نایابتان بۆ رەخساوە تاوەكو كوردستانێكی باشتر ئاوابكەن. ئێوە بەشێكن لە گرووپێكی بچووكی بە توانا كە بە باشی راهێنراون ئەو رۆڵە ببینن. بە گوێرەی ئامارەكان ٩٩%ی دەرچووانی زانكۆی كوردستان، لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ، توانیویانە كار بدۆزنەوە لە هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت.
 
پەیامی من، لێرە، پەیامی راستی و هاندانە!
 
رێگەتان پڕە لە ئاڵنگاری و ماندووبوون. بۆ نموونە گەڕان بە دوای كاردا، یان بیركردنەوە لە هەڵبژاردنی بواری كاركردن. لەوانەشە بڕیاربدەن كە لە بواری ئەكادیمیدا بەردەوامبن و دەستبكەن بە پڕكردنەوەی فۆرمی وەرگرتن بۆ قۆناخەكانی خوێندنی باڵا. هەروەها هەندێكتان خێزاندارن وماڵ و منداڵتان هەیە و دەتانەوێ دڵنیابن لەوەی لە ئایندەدا منداڵەكانتان دەستیان دەگاتە خوێندنێك بە هەمان ئاست و كوالیتی .
 
دەرچووانی ئازیز،
 
دڵنیابن، ئەو بڕوانامەیەی لەم دامەزراوە دیارەدا وەدستیدەهێنن، ئامادەتان دەكات بۆ دەسپێكردن. هەروەها زانیاری و پێداویستی سەركەوتنتان پێدەبەخشێت تاوەكو لە بوارەكانی ژیان پێشبكەون.
داوا لە هەمووتان دەكەم و هانتاندەدەم، بەتایبەتی ئەوانەی بڕوایان بە ئامانجی هاوبەش هەیە، كە هەوڵبدەن و كۆشش بكەن لەپێناو سەركەوتن و گەیشتن بەو ئامانجانە.
 
ئەوانەشتان كە ئامانجی هاوبەش كۆتان ناكاتەوە، هەوڵبدەن هاوكار بدۆزنەوە و دڵخۆشیان بكەن و هیوایان پێ ببەخشن. بە هەرشێوەیەك بێت، ببنە ئەندامی بەسوود لەناو كۆمەڵگە، كە بتوانن گۆڕانكاری بەرەو باشتر ئەنجامبدەن. ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئامانجە.
 
خوشك و برایانی بەڕێز،
 
ئێوە ئامانج و خواست و هیواتان هەیە. بەڵام یەك خاڵی هەرە گرنگیش هەیە كە نابێ لە یادی بكەن، ئەوەیە كە ئێوە بە تەنیا ناژین، بەڵكو ئێوە بەشێكن لە كۆمەڵگە.
 
بۆیە چالاك و كاریگەربن و، ئەو هۆشمەندی و شێوازی بیركردنەوە رەخنەییەی لەم زانكۆیەدا فێریبوون لە ژیانتاندا پەیڕەوی بكەن. هەروەها سوودیش لەو پەروردە و سۆزە وەربگرن كە لە ماڵ پێتان بەخشراوە.
 
پێویستە لە كاركردن دڵسۆزبن تاوەكو هەست بە پێگەی خۆتان بكەن و بتوانن ژیانی كەسانی دیكە لە دەرەوەی زانكۆ باشتر بكەن. ئەوەش نیشانەیەكی سەركەوتنە.
 
پرسیار لە خۆتان بكەن، تاوەكو چ رادەیەك ئامادەن كۆشش بكەن لەپێناو خزمەتكرنی گەل و كۆمەڵگەی خۆتان؟
 
بۆیە ئەرك و كارتان هێشتا كۆتایی نەهاتووە و بەرپرسیارێتییەكانتان رۆژ لە دوای رۆژ لەكاتی كاركردن و هاوكاریكردنی كەسانی دەوروبەرتان زیاتر و فراوانتر دەبن. هەندێكجار تووشی پاشەكشە و شكستیش دەبن، بەڵام ئەو بەربەستانەش وانەن و فێرتان دەكەن بە گۆڕوتینەوە بەردەوامبن لە گەشتی ژیان. یەكێك لەو سوودە بەنرخانەی پابەندبوون و دڵسۆزی بۆ ئامانجە گەورەكان ئەوەیە كە نەك تەنیا واتان لێدەكات ژیانێكی باش و ئاسوودە بەسەربەرن، بەڵكو هەست بەو گۆڕانكارییە باشانەش بكەن كە لە ژیانی كەسانی دیكەدا دروستیدەكەن.
 
با ساتێك بوەستین و بیر لە رووداوەكانی چوارساڵ پێش ئێستا بكەینەوە. ئەو كاتە بوو كە زۆربەتان دەستتان بە خوێندن كرد لەم زانكۆیە. كاتێكی سەختبوو. ئەوكاتە بوو هەرێمی كوردستان دووچاری هەڕەشەیەكی هەرە ترسناك ببووەوە، كە ئەویش هێرشی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بوو. بەڵام لە هەمانكاتیشدا ئەوكاتە ناخۆشانە دەبنە هاندەرێك بۆ هەوڵ و كۆششی زیاتر و هۆكارێك تاوەكو هەر یەك لە ئێمە هێز و توانامان دەربخەین.
 
خوشك و برایان،
 
كوردستانێكی باشتر بە رێكەوت دروست نابێت. بەڵكو بە بیركردنەوەی هاوبەش و كرداری كەسانێك دروستدەبێت كە بە پەرۆشەوە هەوڵدەدەن ئەم وڵاتە بكەنە شوێنێكی باشتر بۆ هەمووان.
لێرەدا سەری رێز و نەوازش بۆ ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دادەنەوێنین كە بە قوربانی ئەوان رۆژێكی وەك ئەمڕۆ دروستبوو. سڵاو بۆ گیانی پاكیان.
 
ئیرادەی بەهێزتان و دڵسۆزیتان لە كاركردن باشترین رێز و پێزانینە بۆ ئەو ئامانجانەی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە گیانی خۆیان لەپێناویاندا بەخشی.
 
 بە هەمان شێوە، باشترینی خۆتان پێشكەش بكەن. ببنە بنیاتنەر و دروستكەری ئایندە. دڵنیام كە دەتوانن و، هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم.
 
دووبارە پیرۆزبایی لە دەرچووانی ئەمساڵ دەكەم.
 
هەر لە خێر و خوشیدا بن و خودا ئێوە و كوردستان بپارێزێت.