وەرزی نوێی بەرنامەکانی رووداو دەستپێدەکات؛ ژیریی دەستکردی تێدایە و بۆ گەنجانە
رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی 1ـی تشرینی دووەمی 2023، رووداو وەرزێکی نوێی پەخشکردنی بەرنامەکانی لە تەلەڤزیۆن و رووداو دیجیتاڵ دەستپێدەکات کە بەرنامەکانی ئەم وەرزە زیاتر تایبەتن بە گەنجان، هەروەها هێنانە پێشەوەی ژیریی دەستکرد و گۆڕانی کەشوهەوا.
رێباز عەلی، بەڕێوەبەری بەشی بەرهەمهێنانی رووداو لەبارەی وەرزی نوێ و بەرنامە نوێیەکان دەڵێت، "وەرزی نوێی بەرنامەکانمان گۆڕانکارییەکی بەرچاوە لەوانەی پێشوو. زۆر خۆشحاڵین بە ناساندنی کۆمەڵێک بەرنامەی نوێ لەسەر پرسە جیهانییە کاریگەرەکانی وەکو گۆڕانی کەشوهەوا و جیهانی ژیریی دەستکرد. هەروەها شانازی دەکەین بە راگەیاندنی دەستپێکردنی بەرنامەیەکی هەواڵیی سەرنجڕاکێش کە تایبەتە بە بینەرانی گەنجی خوار تەمەن 18 ساڵ."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 1-11-2023 یەکەم بەرنامەی وەرزی نوێی رووداو کە بەرنامەی دوا زەنگی زەوییە. کلیک بکە بۆ بینینی بەرنامەکە
هەروەها رووداو وەرزێکی نوێی پۆدکاستەکانیشی راگەیاندووە و لە ئەمڕۆوە دەتوانن گوێیان لێبگرن.
هەندێک زانیاری لەسەر بەرنامە نوێیەکانی رووداو بزانە
گەنج و پیشە
بڕگەیەکی رۆژانەی رووداوە، گرنگی بە کار و بزنسی گەنجانی کورد دەدات لە هەر شوێنێکی جیهان بن. لەم رێگەیەوە دەمانەوێ گەنج هان بدەین بۆ ئەوەی ببنە خاوەن کار و بزنسی خۆیان.
هەژی و هەنی
نەوەی ئالفا ئێستا گەورەترینیان تەمەنی 13 ساڵە. بەوە جیادەکرێنەوە کە یان سەیری تەلەڤزیۆن ناکەن یان زۆر بەدەگمەن دەیکەن. زۆرترین کات لەسەر یوتیوب و دوای ئەویش لەسەر تیکتۆکن. ھەر لەوێش ھەواڵ و زانیارییەکان بە شێوازی گونجاو لەگەڵ سەلیقەی خۆی وەردەگرێت. لە دنیادا زەنگی مەترسی لەسەر ئەو نەوەیە لێدراوە. لە بەرنامەی هەژی و هەنی ئێمە گرنگی بەو نەوەیە دەدەین.
هەژی لە بەرنامەکەیدا کچە ھاوکارێکی دەبێت کە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە و مرۆڤی راستەقینە نییە، بە زمانی کوردی (سۆرانی) قسە دەکات. ئەو ھاوکارە بەدرێژایی شۆیەکە لەگەڵ ھەژی دەبێ و پێکەوە گەنگەشەی ھەواڵەکان دەکەن و تێستی ئەپی نوێی سوودبەخش بۆ منداڵان و ئامێرە ئەلیکترۆنییە فێرکارییەکان دەکەن.
نێکست
بەرنامەیەکە کە دوو هەفتە جارێک بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی خواروو و سەروو لە تەلەڤزیۆن و سۆشیاڵمیدیاکانی رووداو بڵاودەبێتەوە. هەروەها ڤێرژنەکانی ئینگلیزی، تورکی و عەرەبی بەرنامەکە لە ماڵپەڕ، یوتیوب و سۆشیاڵ میدیا بڵاودەبنەوە. لە بەرنامەكەدا، نامۆ عەبدوڵڵا، هەڤپەیڤینی تایبەت لەگەڵ پسپۆڕانی پێشەنگ، داهێنەران و توێژەرانی پشت داهێنانە مەزنەكانی جیهان دەکات لە بوارەکانی ژیریی دەستكرد، بایۆتێك، پزیشكی، وزەی نوێبووەوە و بۆشایی ئاسمان و بوارەكاتی دیکە.
دوازەنگی زەوی
بەرنامەیەکی مەیدانیی هەفتانەیە، تیشک دەخاتە سەر پرسی گۆڕانی کەشوهەوا و گۆڕانکارییە ژینگەییەکان لە کوردستان و ناوچەکە. مەترسییەکانی گەرمبوونی زەوی و تێکچوونی ژینگە و کاریگەرییان لەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان پێشاندەدات. ژیار حەکیم، پێشکێشکاری بەرنامەکەیە و لە دوایین زەنگی زەوی پێش روودانی کارەساتەکان ئاگادارتان دەکاتەوە.
دکتۆر ئاراس
دکتۆر ئاراس بەرنامەیەکی تەندروستی و پزیشکیی گشتییە و یەکەمین وەرزی تەواوکەری ئەو زنجیرە بەرنامە تەندروستی و پزیشکییانەیە کە لە یەکەم رۆژی دەستپێکی پەخشی رووداوەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامن، سەرنجی ئەم بەرنامەیە لەسەر ستایڵی ژیانە. لەم وەرزەدا دکتۆر ئاراس جیهان گەڕاوە و پزیشکانی سەرکەوتووی کورد لە ئەمریکا و بەریتانیا و سعودیەی بەسەرکردووەتەوە.
دکتۆر ئاراس برادۆستی لەم بەرنامەیەدا مەبەستیەتی هاونیشتمانییان جیهان بە تەندروستییەکی باشەوە ببینن.