مانگی رابردوو عێراق بایی 9.6 ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە
رووداو دیجیتاڵ
مانگى رابردوو وەزارەتى نەوت عێراق بە بەهاى زیاتر لە نۆ ملیار و 669 ملیۆن دۆلار نەوتى فرۆشتووە. هەناردەى نەوتى کێڵگەکانى گەیارەش بۆ دوو ئەوەندە زیادی کردووە.
رۆژی 1ـی تشرینى دووەمى 2023، وەزارەتى نەوتى عێراق بڕى نەوتى فرۆشراوى مانگى تشرینى یەکەمى رابردووى بڵاوکردەوە، کە 109 ملیۆن و 554 هەزار و 589 بەرمیل بووە.
ئەو بڕە نەوتەى مانگى رابردوو هەناردەکراوە، رۆژانە سێ ملیۆن و 533 بەرمیل بووە، کە بەتێکڕا لە مانگەکەدا 108 ملیۆن و 50 هەزار و 360 بەرمیل لە کێڵگەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراقەوە هەناردەکراوە، 464 هەزار و 728 بەرمیل نەوتى لە کێڵگەکانى کەرکووکەوە هەناردەى ئوردن کراوە، هەناردەى کێڵگەى گەیارەش لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا، یەک ملیۆن و 30 هەزار و 501 بەرمیل بووە، لە کاتێکدا لە مانگەکانى رابردوودا نەوتى هەناردەکراو لەو کێڵگەیەوە کەمتر لە 500 هەزار بەرمیل بووە.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، تێکڕای نرخى یەک بەرمیل نەوت لە مانگى رابردوودا 88.26 دۆلار بووە و داهاتى نەوتى هەناردەکراوى ئەو مانگە نۆ ملیار و 669 ملیۆن دۆلار بووە.
مانگى ئەیلوولى رابردوو عێراق زیاتر لە 103 ملیۆن بەرمیل نەوتى فرۆشتووە، کە بەهاکەی نۆ ملیار 494 ملیۆن دۆلار بووە، بەو پێیە لە مانگى شترینى یەکەمدا داهاتى نەوتى 175 ملیۆن دۆلارى لە مانگى ئەیلوول زیاتر بووە.