دوایین رۆژی فێستیڤاڵی هەنارە؛ زیاتر لە 200 هەزار کەس سەردانیان کردووە
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دوایین رۆژی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجەیە. رێکخەرێکی فێستیڤاڵەکە دەڵێت، "ئاماری سەردانیکاران مێژووییە و لە هەموو ساڵەکان زیاترە."
ئەم ساڵ 11ـەیەمین ساڵە فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە بەڕێوەدەچێ و ئەمڕۆ رۆژی سێیەم و دوایین رۆژیەتی، کە لە پارك و شاری یاریی هەڵەبجە بەڕێوەدەچێت.
ئەرسەلان عابد، ئەندامی لیژنەی باڵای فێستیڤاڵەکە، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ ژمارەی گەشتیار و سەردانیکاران ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە. ئێوارەی ئەمڕۆ بە وردی ژمارەی بەشداران و فرۆشی فێستیڤاڵەکە دەخەینەڕوو."
بەگوێرەی ئاماری رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە، پار 285 هەزار و پێرار 270 هەزار سەردانیکار و گەشتیار چووبوونە فێستیڤاڵی هەنار و پاییزەی هەڵەبجە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 200 هەزار گەشتیار و سەردانیکار چوونەتە فێستیڤاڵی هەڵەبجە و چاوەڕوان دەکرێ ژمارەکە تاوەکو ئێوارە 300 هەزار کەس تێپەڕێنێت. ئەرسەلان عابد گوتی: "بە دڵنیاییەوە بەشداریی ئەم ساڵ زیاترە لە پار."