شارەزایەکی هەڵبژاردن: لە کەرکووک هەر دەنگێکی کورد بۆ پارتی و یەکێتی نەبێت، دەفەوتێت
رووداو دیجیتاڵ
ئارام برادۆستی، شارەزای کاروباری هەڵبژاردن، هۆشداریی دەداتە دەنگدەرانی کورد لە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان و دەڵێت، بەهۆی میکانیزمی سیستمی سانتلیگۆی هەموارکراو، هەر دەنگێک بۆ جگە لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بدرێت، مەترسیی فەوتانی لەسەرە و "بە فیڕۆ دەچێت."
ئەمڕۆ شەممە 01-11-2025 ئارام برادۆستی، شارەزای هەڵبژاردن، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە کاریگەریی یاسای هەموارکراوی هەڵبژاردنەکانی عێراقی لەسەر پێگەی کورد کرد و رایگەیاند، ئەم سیستمە بەجۆرێک داڕێژراوە کە خزمەت بە پارتە گەورەکان دەکات و دەرفەت بۆ پارتە بچووکەکان ناهێڵێتەوە، بەتایبەتی لە ناوچە فرەپێکهاتەکانی وەک کەرکووک.
برادۆستی گوتی، "بەپێی ئەم سیستمە، ئەو پارتە سیاسییە کوردییانەی لە کەرکووک کورسی دەبەن، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن. بۆیە بە دڵنیاییەوە دەڵێم، دەنگی کورد لە کەرکووک بۆ پارتی و یەکێتی نەبێت، دەنگەکان دەفەوتێت."
ئەو شارەزایەی هەڵبژاردن نموونەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ساڵی 2023ی هێنایەوە و گوتی، "لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا بینیمان زیاتر لە 30 هەزار دەنگی کورد، کە بەشی یەک کورسی دەکرد لە ئەنجوومەنی پارێزگاکان، سووتا. هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە نەگەیشتە ئەو رادەیەی بەپێی سیستمەکە کورسی پێ بەدەستبهێنرێت."
ئارام برادۆستی جەختی لەوە کردەوە کە گۆڕانکارییە بەردەوامەکانی یاسای هەڵبژاردن لە عێراقدا هەمیشە وەک هەڕەشەیەک لەسەر پارتە کوردییەکان ماوەتەوە و زۆرجار بە ئاراستەی بەرژەوەندیی لایەنە گەورەکانی عەرەبی بووە. "لە ساڵی 2005ـەوە تاوەکو ئێستا یان یاساکە هەموار کراوەتەوە یان هەڵوەشاوەتەوە و یاسایەکی نوێ هێنراوە. ئەمە وایکردووە کە هەمیشە پارتە سیاسییەکان ترسیان هەبێت و دڵنیاییان لە کورسییەکانیان نەبێت."
وەک نموونەیەکی مێژوویی، برادۆستی باسی لە هەڵبژاردنی ساڵی 2005 کرد و گوتی: "لەو ساڵەدا، سەرەڕای ئەوەی ژمارەی دەنگدەرانی کورد نزیکەی 500 هەزار دەنگ زیادی کرد، بەڵام ژمارەی کورسییەکانی کورد لە 78 کورسییەوە بۆ 58 کورسی دابەزی. هۆکارەکەشی تەنیا گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردن بوو لە یەک بازنەییەوە بۆ 18 بازنەی پارێزگاکان، کە زیانی گەورەی بە کورد گەیاند."
بە بڕوای ئەو شارەزایە، بۆ ئەوەی کورد بتوانێت زۆرترین کورسی لە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان بەدەست بهێنێت، پێویستە دەنگدەران بە شێوەیەکی ستراتیژی مامەڵە بکەن و دەنگەکانیان پەرت نەکەن. برادۆستی پێی وایە ئەگەر لە هەڵبژاردنی رابردوودا کورد بە دوو هاوپەیمانیی بەهێز بەشداریی بکردایە، ئەنجامەکان جیاواز دەبوون.
ئەو گوتی: "ئەگەر پارتی و یەکێتی لە هاوپەیمانییەکدا بوونایە و لایەنەکانی دیکەش لە هاوپەیمانییەکی تردا، ئەوا چانسمان دەبوو 6 بۆ 7 کورسی لە کەرکووک بەدەست بهێنین. بەڵام پەرتەوازەیی دەنگەکان وایکرد کە بەشێکی زۆری بە فیڕۆ بچێت."
ئارام برادۆستی دووپاتی کردەوە کە لەژێر سیستمی ئێستادا تاکە رێگە بۆ پاراستنی دەنگی کورد و بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی، دەنگدانە بەو دوو لیستە سەرەکییەی کە توانای بردنەوەی کورسییان هەیە، ئەگەرنا، دەنگی دەنگدەری کورد تەنیا خزمەت بە رکابەرەکانی دەکات.