سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتیی مانگی ئەیلوول ئامادەیە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی ئەیلوول تەواو بووە، ئەم هەفتەیە لیستی مووچەی مانگی 10 بۆ بەغدا دەنێردرێت و هەر کاتێک بەغدا بڕیاری خەرجکردنی مووچەی دا، 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی ئامادەیە و دەدرێتە بەغدا.
 
رۆژی شەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی ئاب، وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولیش تەواو بوو و هیچ کێشەیەکی نەبووە. بڕیارە ئەم هەفتەیە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوول و لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم لەلایەن شاندێکی تەکنیکییەوە بۆ بەغدا بنێرین."
 
بۆ ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان 8 مووچە دابەش کراوە. ئەو سەرچاوەیە گوتی، "هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەن پێش هەڵبژاردن مووچەی مانگی ئەیلوولیش دابەش بکرێت؛ ئێمە هەموو پابەندییەکان جێبەجێ دەکەین و ئەوەی دیکەش دەگەڕێتەوە سەر بەغدا."
 
بەپێی رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان، پێویستە مانگانە هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینار وەکو داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا بنێرێ، بەڵام بەغدا دەڵێت دەبێ ئەو 120 ملیارە بێت ئینجا بڕیاری خەرجکردنی دەدرێت، هەرێمی کوردستانیش دەڵێت کە بەغدا بڕیاری خەرجکردنی مووچە بدات، هەرێمی کوردستان پارەکە دەخاتە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.
 
لەوبارەیەوە سەرچاوەکەی رووداو جەختی لەوە کردەوە کە "120 ملیار دینار وەکو داهاتی نانەوتیی مانگی ئەیلوول ئامادەیە و چاوەڕێ دەکەین بڕیاری خەرجکردنی مووچەی ئەو مانگە بدرێت، تاوەکو داهاتەکە بخەینە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق." 
 
ئەمڕۆ هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، بە بەکارهێنانی سیستمی پەیڕۆڵ و پشتبەستن بە پێناسی دیجیتاڵی، لیستی مووچە ئامادە دەکەن و "دەرفەتی بیانوو و کێشەی نەماوە" لە لایەن بەغداوە، بەڵام باسی لەو گوشارانە کرد کە لەسەر شاندی دانوستاندنی هەرێمی کوردستان هەیە و وایکردووە هەندێک داوای "نامەنتقی"ی بەغدا قبووڵ بکرێت.
 
سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی گوتی، ئامادەکردنی لیستی مووچە بەپێی ویستی فەرمانگەکە کاتی جیاواز وەردەگرێ، بەڵام لە کاتی پێویستدا لە 10 رۆژدا ئامادە دەبێت.
 
سەرەڕای ئامادەبوونی لیستی مووچە بە شێوەی دیجیتاڵی، هیوا ئەفەندی دەڵێت، بەغدا هێشتا داوا دەکات داتاکان بە شێوەی "کاخەز و سیدی" رەوانە بکرێن، لە کاتێکدا دەتوانن "بە یەک کلیک" داتاکان بنێرێن.
 
رۆژی 26ی تشرینی یەکەم، مووچەی مانگی 8ی فەرمانبەران خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و لە رۆژی دووشەممەوە دەست بە دابەشکردنی کرا.
 
رۆژی 28ی تشرینی یەکەمی 2025، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئامادەکاری بۆ کۆکردنەوەی 120 ملیار دینارەکە دەکەن کە وەکو داهاتی نانەوتی دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی داراییی عێراق و گوتی، "48 ملیاری لە سلێمانی دەبێت و ئەوی دیکەش لە هەولێر و دهۆک، بۆئەوەی بتوانین بەپێی ئەو قسانەی لەگەڵ بەغدا کراون، لە سەرەتای مانگی 11 مووچەی مانگی 9مان بۆ بنێرن و ئێمەش یەکسەر دابەشی بکەین."
 
رێباز حەملان رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر حکومەتی فیدراڵیی عێراق جێبەجێ کردووە، لەوانەش هەناردەکردنەوەی نەوت، ناردنی داهاتی ناوخۆ و پاککردنەوەی لیستی مووچە.