لە حەسەکە ئاهەنگی پشتگیریکردن لە هەسەدە بەڕێوەچوو

 
رووداو دیجیتاڵ

شەوی هەینی لەسەر شەممە، لە پارکی 4ی نیسانی شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، ئاهەنگێکی گەورە بۆ پشتگیریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە بەڕێوەچوو.
 
محەممەد حاجۆ، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری ئاهەنگەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەشدارییەکی بەرفراوانی هەموو پێکهاتەکانی شاری حەسەکە لە ئاهەنگەکەدا هەبووە.
 
لە ئاهەنگەکەدا، پاش خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی شەهیدان، حوسێن سەلمۆ، فەرماندەی هەسەدە گوتارێکی پێشکێش کرد و جەختی لەوە کردەوە، هەسەدە هی هەموو پێکهاتەکانی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریایە.
 
لە ئاهەنگەکەدا، هەریەک لە هونەرمەندان سەفقان ئۆرکێش، یارا ئەحمەد، سیپان ئاگری و کەدەر حوسێن گۆرانییان گوت، پشتگیریی خۆیان بۆ هەسەدە نیشاندا و بانگەوازییان بۆ یەکڕیزی نیشتمانی کرد.
 
لە ئاهەنگەکەدا، ئاڵاکانی هەسەدە و کوردستان بەرزکرانەوە و درووشمەکانی پشتگیریکردن لە هێزەکانی هەسەدە و یەکڕیزی لە ناوچەکەدا گوترانەوە.