ژمارەی كوژراوانی داعش لە شەڕی دوێنێی مەخموور و گوێڕ

رووداو- هەولێر

دوێنێ یەكشەممە لە ناوچەی گوێڕ شەڕ لە نێوان هێزی پێشمەرگە و چەكدارانی داعش روویدا و بە كۆنترۆڵكردنەوەی 8 گوندیش شەڕەكە لە بەرژەوەندی پێشمەرگە كۆتاییهات.

لە هێرشی هێزی پێشمەرگەدا بۆ سەر چەکدارانی داعش، 8 گوندی كوردنشین (مشار ، تەلەریم، كوشافی خواروو، كوشافی سەروو، ساقییە، عەلی ئاوا، دوو گردكان و بەرزاییەكانی وادی غراب) لە نزیك گوێڕ و مەخموور، كە چەند مانگێكە بەدەست چەكدارانی داعشەوەن،  كۆنترۆڵكرانەوە.
 
سیروان بارزانی، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەشەڕەكەی دوێنێدا 64 چەکداری داعش کوژراون و 39 تەرمیشیان کەوتوونەتە دەست پێشمەرگە. بارزانی گوتیشی:" پێشمەرگە دەستی بەسەر 14چەکی بی کەی سی و 7 دۆشکە و 3 ئۆتۆمبێلدا گرتوون".

لە شەڕەكەی دوێنێدا ئەفسەرێك و دوو پێشمەرگە شەهیدبوون و ئەمڕۆش بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێك بە تیمێكی هەڵگرتنەوەی مین ئەفسەرێك و پێشمەرگەیەك شەهیدبوون، هەروەها هەر لە شەڕەكەدا 8 پێشمەرگە برینداربوون.