کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بۆ رووداو: 22 هەزار خێزانى ئاوارە گەڕاونەتەوە شنگال

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسێکى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق ئاشکرایکرد، 22 هەزار خێزانى ئاوارەى قەزاى شنگال گەڕاونەتەوە، بەڵام هێشتا 25 هەزار خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانن.
 
عەلى جیهانگیر، بەڕێوەبەرى لقەکان لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "تاوەکو ئێستا 22 هەزار خێزانى ئاوارەى شنگال گەڕاونەتەوە قەزاکە و پێداویستییەکانیان بۆ دابینکراوە و هاوکارى دارایی کراون."
 
هەر خێزانێکى ئاوارە بگەڕێتەوە زێدى خۆى یەک ملیۆن و 500 هەزار دینارى پێدەدرێت، ئەو هاوکارییە لە چوارچێوەى هاندانى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدى خۆیان.
 
عەلى جیهانگیر ئاشکرایکرد، زیاتر لە 25 هەزار خێزانى ئاوارەى شنگال ماون بگەڕێنەوە، کە لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستانن.
 
لەساڵى 2014 چەکدارانى داعش هێرشیانکردە سەر قەزاى شنگال، بەهۆیەوە هەزاران کوردى ئێزدى ئاوارەى هەرێمى کوردستان بوون و هەندێکیشیان چوونە دەرەوەی وڵات.
 
بەگوێرەى کارنامەى حکومەتەکەى محەممەد شیاع سوودانى کە 28ى تشرينى یەکەمى 2022، لە پەرلەمان متمانەى وەرگرت، دەبووایە لە ماوەى شەش مانگ دواى پێکهێنانى حکومەت، ئاوارەکان بگەڕێندرێنەوە زێدى خۆیان.