ئەم ساڵ نزیکەی دوو هەزار ئاگر لە هەولێر کەوتوونەتەوە؛ 16 کەس گیانیان لەدەستداوە


رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر بۆ رووداو، لە 11 مانگی ئەم ساڵدا لە هەولێر و دەوروبەری، نزیکەی دوو هەزار رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون و بە هۆیانەوە 16 کەس گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی هەولێر کە ئەمڕۆ شەممە، 02-12-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداو دراوە، لە 11 مانگی ئەم ساڵدا لە شاری هەولێر و دەوروبەری و قەزاکانی کۆیە و شەقڵاوە، هەزار و 961 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون؛ 489 رووداو لە سەنتەری شار و هەزار و 472  لە دەوروبەری هەولێر.
 
ئەو شوێنانەی ئاگریان تێدا کەوتووەتەوە بەشێکیان ئەمانەن؛ 351 ماڵ، 21 باڵەخانە و هۆتێل، 42 موەلیدە، 683 رووداوی سووتانی پووش و پەڵاش، 29 کێڵگەی پەلەوەر و 29 کۆگە.
 
لە رووداوەکاندا 16 کەس گیانیان لەدەستداوە؛ 90 کەس بەهۆی ئاگرەوە برینداربوون و 30 کەسیش بەهۆی دووکەڵی ئاگرەوە کێشەی تەندروستی و هەناسەتەنگییان بۆ دروستبووە؛ هەروەها 67 کەس ژیانیان رزگار کراوە.
 
لەبارەی هۆکاری رووداوەکانەوە، موقەدەم کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، زۆرینەی رووداوەکان هۆکارەکەی شۆرتی کارەبا بووە کە 808 رووداو بوون؛ 464 رووداویان هۆکارەکەی نەزاندراوە؛ 145 رووداویان بەهۆی گازەوە بووە؛ 49 رووداو بەهۆی بەنزینەوە بووە؛ 93 رووداو بەهۆی فڕیدانی جگەرەوە و 102 رووداویش بەهۆی یاریی ئاگرینەوە بووە.
 
کاروان میراودەلی ئاماژەی بەوەکرد، لە 11 مانگی رابردوودا 297 ئۆتۆمبێل لە رووداوی جیادا سووتاون، بەشێکیان بە تەواوی سووتاون و بەشێکیشیان پێش سووتانیان بە تەواوی ئاگرەکەیان کوژێندراوەتەوە، لەنێویاندا 31 ئۆتۆمبێلیان بەهۆی کێشەی فیولپەمپەوە بوون.