بەرزترین نرخی ئەمپێری موەلیدە لە هەولێرە و نزمترین لە هەڵەبجە

رووداو دیجیتاڵ 

لە هەولێر نرخی ئەمپێرێک موەلیدە لە هەندێک گەڕەک دەگاتە 18 هەزار و 500 دینار؛ لە دهۆک نرخی ئەمپێرێک 15 هەزار و 500 دینارە؛ لە هەڵەبجە کەمترینە کە دەگاتە 10 هەزار و 500 دینار؛ سەرۆكی كۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلیەكانی سلێمانیش دەڵێت، هەر موەلیدەیەک نزیکەی 245 کاژێر کارەبای داوە، بەڵام یەکشەممە نرخ رادەگەیێنن. 
 
مانگی رابردوو هەر موەلیدەیەک لە پارێزگای دهۆک نزیکەی 370 کاژێر کاری کردووە. ئەمڕۆ هەینی 1-12-2023، هەکار هرووری، بەرپرسی لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخی ئەمپێری موەلیدە لە سەنتەری دهۆک 15 هەزار و 500 دینارە."
 
هەروەها زووهرە یوسف، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکان لە قایمقامییەتی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، هەر موەلیدەیەک نزیکەی 212 کاژێر کاری کردووە و رۆژی یەکشەممە بە فەرمی نرخەکە رادەگەیێنن؛ گوتیشی، "بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەکانمان، نرخی ئەمپێرێک لەنێوان نۆ هەزار و 500 بۆ 10 هەزار و 500 دینار دەبێت."
 
پێدانی کارەبای موەلیدە لە گەڕەکێک بۆ گەڕێکی دیکە لە هەولێر جیاوازی هەیە. ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، "هەندێک لە گەڕەکەکان کە کاتژمێر 06:30ـی بەیانی تاوەکو 08:00ـی بەیانی و دواتر 01:00ـی نیوەڕۆ تاوەکو 01:00ـی شەو کارەبایان هەبووە، نرخی ئەمپێریک کارەبای موەلیدەیان، 14 هەزار و 500 دینارە؛ ئەو گەڕەکانەی کە لەسەر داوای خۆیان لە 06:30ـی بەیانییەوە تاوەکو 01:00ـی شەو بێ بڕان کارەبایان هەبووە، نرخەکەی لەنێوان 14 هەزار و 500 بۆ 15 هەزارە؛ ئەو گەڕەکانەشی کە لەسەر داواکاری خۆیان 24 کاتژمێر کارەبایان پێدراوە، نرخی یەک ئەمپێر کارەبایان تاوەکو 18 هەزار و 500 دینار دەبێت."
 
لەبارەی نرخی موەلیدە لە بەشێکی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر رایگەیاندووە، نرخی ئەمپێرێک لەنێوان 13 هەزار و 750 دینار بۆ 15 هەزار و 500 دیناردایە.
 
ئەمڕۆ هەینی، تاریق سەمین، سەرۆكی كۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەكانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو نرخی ئەمپێر دیاری دەکەن؛ گوتیشی، "لە مانگی 11ـدا 230 بۆ 245 کاژێر کارەبای موەلیدە دراوەتە هاونیشتمانیان."
 
لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا موەلیدە ئەهلییەکان پێداویستی کارەبای هاووڵاتییان پڕکردووەتەوە، کە بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، زیاتر لە 5 هەزار و 500 موەلیدەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستاندا هەن.